رووداو دیجیتاڵ
رۆژانی 24 و 25ـی ئەم مانگە لووتکەی ژووری هەواڵ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بە بەشداریی دەیان میدیای ئەوروپی و جیهانی بەڕێوەدەچێت و تیمی تۆڕی میدیایی رووداو بەشدارن. ژیریی دەستکرد و هێنانەپێشەوەی گەنجان بۆ نێو ژووری هەواڵ، لە بابەتە سەرەکییەکانی لووتکەکەن.
لە لووتکەکەدا چەند پرسێکی گرنگ لە وەرچەرخانی ژووری هەواڵی دەزگە راگەیاندنەکان تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکەن، یەکێک لەو پرسانە، بەکارهێنانی ژیریی دەستکردە.
تیمی رووداو کە پێکهاتوون لە رێباز عەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنانی رووداو و بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ لە پانێڵە جیاوازەکانی لووتکەکەدا باسیان لە رۆڵی رووداو کرد لە هێنانەنێوەوەی ژیریی دەستکرد بۆ نێو میدیای کوردستان و عێراق کە تۆڕی میدیایی رووداو وەکو یەکەمین میدیای هەرێمی کوردستان دیسکی تایبەت بە ژیریی دەستکردی هەیە.

گۆڕانکاری لە خواستی خوێنەر بۆ هەواڵ بابەتێکی دیکەی نێو کۆڕبەندەکەیە کە ژووری هەواڵی میدیا جیهانییەکان رووبەڕووی بوونەتەوە. بۆ ئەمەش، سۆشیاڵمیدیا کاریگەرییەکی زۆری هەبووە.

چیرۆکی سەرکەوتنی رووداو لە سۆشیاڵمیدیا و گەیشتنی ژمارەی بینەرەکانی بە یەک ملیار تەنیا لە پەیجی سەرەکیی رووداو سۆرانی، جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانی میدیا بەشدارەکان بوو. بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ لە لووتکەکەدا هۆکاری سەرکەوتنی رووداوی بۆ کاری داهێنەرانە و یەک تیمیی رووداو گەڕاندەوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی سۆشیاڵمیدیای رووداو نوێنەرایەتیی ڤیژنی داهێنەرانەی رووداو دەکات بۆ داهاتوو.

هێنانە پێشەوەی گەنجان و گرنگیدان بە خواستەکانیان لە میدیادا بەتایبەتی لە دیجیتاڵ میدیا پرسێکی دیکەی سەرەکیی لووتکەکەیە. دامەزراوەی فاینەنشەڵ تایمزی بەریتانی کە لە لووتکەکەدا بەشدارە لەو بوارەدا پڕۆژەیەکی نوێی بۆ هێنانەپێشەوەی گەنجان راگەیاندووە.
بەرەوپێشچوون و لەپێشیی تۆڕی میدیایی رووداو جێگەی سەرنجی دامەزراوە میدیاییە بەنێوبانگەکانی ئەوروپا بوو و بۆ ئەم مەبەستە چەند دەزگەیەکی ئەوروپی خواستی کاری هاوبەشیان لەگەڵ رووداو نیشانداوە و لە ماوەکانی داهاتوودا پڕۆژەی هاوبەش رادەگەیێنن.

رێباز عەلی دەڵێت: "بەشداریکردنمان وەکو رووداو لە لووتکەی وان ئیفرا، ئەو راستییەی بۆ پشتڕاستکردینەوە کە رووداو لەڕیزی میدیا و دامەزراوە گەورە و پێشکەوتووەکانی جیهاندایە، بگرە لە زۆر بواریشدا لە پێش هەندێک لە میدیاکانی وڵاتانی ئەوروپایە، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێی ژووری هەواڵ و سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ