رووداو دیجیتاڵ
باوکێک لە نەخۆشخانەی کرماشان بەهۆی "هەڵەی پزیشکی" و دوای "بێهۆشبوونی کچەکەی" جەڵتە لێی دەدات و گیان لەدەستدەدات؛ کچەکەشی هێشتا بەهۆش نەهاتووەتەوە.
خێزانێکی خەڵکی کوویەشتی لوڕستان رۆژی 30-09-2023 بۆ نەشتەرگەریی چاوی کچەکەیان سەردانی نەخۆشخانەی بێستوونی کرماشان دەکەن. دوای تەواوبوونی نەشتەرگەری بۆ چارەسەرکردنی خێلیی چاوی کچەکەیان، پزیشکەکە پێیان دەڵێت، نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی تەواو بووە، بەڵام کچەکەیان لە ژووری نەشتەرگەرییەوە راستەوخۆ دەبرێتە بەشی چاودێریی چڕ و دواتر دەزانن بێهۆش بووە. لەو رۆژەوە کچەکە بەناوی بەهار حەیدەریی تەمەن 10 ساڵان، بێهۆشە.
دایکی بەهار بە میدیاکانی راگەیاند، دوای بێهۆشبوونی کچەکەیان، لە حەوشەی نەخۆشخانەی بێستوون خێوەتیان هەڵداوە. بەیانیی رۆژی 16-10-2023 حەیدەر حەیدەری، لەبەردەم بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە جەڵتەی دڵ لێی دەدات و گیان لەدەستدەدات. مەجید حەیدەری، برای حەیدەر دەڵێت، براکەی هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و بەهۆی ئەو دۆخەی کچەکەی تێدایە، جەڵتە لێی داوە.
مەجید حەیدەری دەڵێت، نادر چێهری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بێستوون و دکتۆر مەحموود موبەلغی، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، روودانی هەڵەی پزیشکییان پشتڕاست کردووەتەوە. پزیشکەکەی گوتوویەتی، هەڵەکە لەلایەن پزیشکی سڕکردن و بێهۆشکردنەوە روویداوە.
دایکی بەهار حەیدەری دەڵێت، سەرەتا پێیان گوتراوە، لە ژووری نەشتەرگەری کامێرای چاودێریی لێیە و دەتوانن سکاڵا بکەن، بەڵام دواتر پێیان گوتراوە، ژوورەکە کامێرای لێ نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ