سۆران حوسێن و پێشەوا بەختیار
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی، ئاگر لە کۆگەیەکی قیری شل کەوتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، ئاگرەکە بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوە. فریاکەوتنی سلێمانیش دەڵێت، کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن و برینەکانیان سەختە.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کارگەی قیری شلی زیلۆن کەوتەوە، بەهۆیەوە چەند بریندارێک هەن".
هاوکات سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رووداوەکەی عەربەتدا کەسێك گیانی لەدەستداوە و سێ برینداری سووتاویش رەوانەی نەخۆشخانەی سووتاوی کراون و برینیان سەختە.
دوو لە بریندارەکان 90% زیاتری جەستەیان سووتاوە، کەسەکەی دیکەش 15% جەستەی سووتاوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ناسنامەی بریندارەکان بەمشیوەیەن، سەمیر رەشید، تەمەنی 43 ساڵە و خەڵکی بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک و %98ـی جەستەی سووتاوە، ئیدریس سەلاحەدین، هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستانە و لە دهۆک دەژی، ئەویش تەمەنی 50 ساڵە و %97ـی جەستەی سووتاوە. هاوسەر یوسف، خەڵکی قەزای دەربەندیخانە لە پارێزگای سلێمانی و لە رووداوەکەدا 15%ـی جەستەی سووتاوە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە دابان محەممەد گوتی، هۆکاری ئاگرەکە گڕگرتنی خەزانەکانی نێو کارگەکە بووە.
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 7 هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ