ئەو 40 کۆچبەرەی لە لیبیا گیریانخواردبوو بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن

25-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو 40 کۆچبەرە کوردەی لە لیبیا گیریانخواردبوو، بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن. هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێ، کۆچبەرەکان بە هاوئاهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێنەوە. باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکان ئاماژە بەوە دەکات، کۆچبەرەکان بەرەبەیانی سبەی دەگەنەوە هەولێر.
 
ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆچبەرەکان لە لیبیاوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون و لەوێشەوە بۆ هەولێر دەگەڕێنەوە."
 
کۆچبەرەکان 40 هاونیشتمانین و زیاتر لە دوو مانگە لە لیبیا گیریانخواردووە، زۆرینەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن لە پارێزگای سلێمانی.
 
ئەحمەد سەحاف دەڵێت، "35 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا دۆزراونەتەوە و کار بۆ گەڕاندەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئاماژەی بەوەش کرد، گەڕانەوەی کۆچبەرەکان بە هاوئاهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
 
محەممەد عەبدولڕەحمان، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوڕەکەم پەیوەندیی کردووە و دەڵێت، کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی سبەی لە تورکیاوە بەڕێدەکەون و کاژێر 04:15 دەگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر."
 
 
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا گوتی، گەشتەکە بۆ ئیستەنبووڵ زیاتر لە چوار کاژێرە و دوای پشوودانێک بەرەو هەولێر دەگەڕێنەوە.
 
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوە کرد، "شاندێک لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ پێشوازی لە کۆچبەرەکان دەکەن و لەگەڵیاندا دەگەڕێنەوە."
 
بەگوتەی ئەحمەد سەحاف، لە فڕۆکەخانەی هەولێر پاس بۆ کۆچبەرەکان ئامادەکراوە و دەیانگەڕێننەوە ناوچەکانیان.
 
ئەحمەد سەحاف گوتی، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان "گرنگیی زۆریان بە بابەتەکە داوە و بەدوادچوونیان بۆ کردووە."
 
دوای چەند رۆژێک لە دیارنەمانی کۆچبەرەکان، رووداو لە زاری کەسوکاریانەوە بەدواداچوونی بۆیان کرد و دەنگیانی گەیاندە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا.
 
16ـی ئەم مانگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی بە کەسوکاری کۆچبەران دا لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێکارە پێویستەکان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەیێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەوانەی لە لیبیا گیریانخواردووە 41 هاونیشتمانی بوون، بەڵام 16ی ئەم مانگە یەکێکیان بەناوی هۆگر ئاسۆ خدر بە جەڵتە گیانی لەدەستدا.
 
ئەم ساڵ چەند جارێک گرووپی دیکەی گەنجانی کورد لە لیبیا دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێ لەو وڵاتەوە خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
 
دوایین کاروانی کۆچبەران لە لیبیا 25 کەس بوون لە 10ـی ئەیلوولی 2025 گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.