رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و شەش مانگ راگرتن، بڕیاربوو ئەم مانگە تۆمارکردنی منداڵی لەدایکبوو بۆ فۆرمی خۆراک دەستپێبکاتەوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێ، کۆتایی ئەم مانگە یان مانگی داهاتوو سیستمەکە کارا دەبێتەوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، چاوەڕوانی کاراکردنەوەن.
لە 05-03-2023ـەوە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆڕمی خۆراک لە تەواوی هەرێمی کوردستان راگیراوە. هەرچەند فۆڕمی خۆراک کرایە ئەلیکترۆنی و بڕیار بوو کۆتایی ئەم مانگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ پڕۆسەکە راگیراوە.
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ ئەپلیکەیشنەکە کارا نەکراوە و زیادکردنی منداڵ و گواستنەوەی فۆڕم ناکرێت."
لەبارەی کاتی کاراکردنی ئەپلیکەیشنەکە نانەکەلی گوتی: "ئێمەش چاوەڕێین و هیچ کاتێکی روونمان پێ نەگوتراوە."
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بەڵین دراوە سیستمەکە بکرێتەوە، کۆتایی ئەم مانگە دەبێت یان سەرەتای مانگی داهاتوو."
بەهۆی نوێکردنەوەی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، زیاتر لە 700 هەزار هاونیشتمانی بەشەخۆراکیان بڕدراوە و لەم مانگەوە بڕینەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 702 هەزاریان فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕنەکردەوە و بەشەخۆراکیان بڕدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ