بازاڕچەی سنووریی سێف لە سەقز کرایەوە

25-10-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 15 ساڵ لە داخرانی، بازاڕچەی سنووریی سێف لە سنووری شاری سەقزی پارێزگای سنە کرایەوە. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، ئاڵوگۆڕی سەرجەم کاڵا رێگەپێدراوەکانی لێوە دەکرێ و سوودی بۆ ئەو کەسانەش هەیە کە کارتی کۆڵبەرییان هەیە.
 
بازاڕچە سنوورییەکە دەکەوێتە ناوچەی سەرشیوی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە رۆژی یەکشەممە 18-10-2025، بە ئامادەبوونی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە بە فەرمی کرایەوە.
 
ئارەش لهۆنی لەکاتی کردنەوەی بازاڕچە سنوورییەکەدا رایگەیاند: ''سێف دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە بەکارهێنانی توانا سنوورییەکانی سەقز.''
 
بازاڕچە سنوورییەکە لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سنووری قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی. هاونیشتمانییەکی خەڵکی ناوچەی سەرشیوی سەقز قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: ''دوای کردنەوەی بازاڕچە سنوورییەکە، یەکەم بارهەڵگری کەلوپەلیش بۆ وڵاتی عێراق [و هەرێمی کوردستان] هەناردە کراوە.''
 
بازاڕچەی سنووریی سێف ساڵانی 2010 تاوەکو 2012 ئاڵوگۆڕێکی زۆری بازرگانی پێدا دەکرا، بەڵام دواتر بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ''بەهۆی فراوانبوونی دەروازە سنوورییەکان، رەزامەندنەبوونی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و دۆخە جوگرافیاییە سەختەکەی، بازاڕچەکە داخرا''.
 
وەک ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی دا: ''ئێستا بۆ یەکەم جار دوای 15 ساڵ لەم بازاڕچە سنوورییەوە کاڵا هەناردە دەکرێتەوە.''
 
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بازاڕچەی سنووریی سێفەوە سوودی زۆری بۆ ئەو کەسانەش دەبێت کە لە ناوچەکەدا کارتی کۆڵبەرییان هەیە. هاونیشتمانییەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ''بەپێی کارتەکە، 600 دۆلار بۆ هەر کۆڵبەرێک دیاریکراوە کە دەتوانێ بەو رادەیە خۆی کاڵا هاوردە بکات یان پشکەکەی بفرۆشێتەوە بە بازرگانێک.''
 
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، فرۆشتنەوەی پشکی کارتی کۆڵبەریی هاوردەی کاڵا بەو شێوەیە دەبێت کە پێویستە بازرگانان 6٪ـی ئەو 600 دۆلارەی بۆ هاوردەکردنی کاڵا رێگەپێدراوە، بیدەنەوە خاوەن کارتەکان.
 
ئومێد، هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی گوندی ئیسحاقئاوای سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: ''ماوەیەکە کارتی کۆڵبەرییان پێداوین و دەڵێن سنوور بکرێتەوە دەتوانن لێی سوودمەند بن.''
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بازاڕچەی سنووریی سێف بکرێتەوە، زۆر باش دەبێ و ناچار نین کرێکاری بکەین''.
 
بازاڕچەکە تەنیا بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانییە.
 
پارێزگای سنە 220 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و جیا لە بازاڕچەی سنووریی سێف، دەروازەی سنووری باشماخ و سەیرانبەن، لەنێوان هەردوولادا کراوەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە