سبەی بەشێک لە مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی مووچە لە بەغدا خۆپیشاندان دەکەن

25-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، سبەی لە بەشێکی پەروەردەکانی هەرێمی کوردستانەوە مامۆستایان دەچنە بەغدا و داوای مافەکانیان لە حکومەتی عێراق دەکەن. یەکێک لەو مامۆستایانەی بەرەو بەغدا بەڕێکەوتووە دەڵێت، سبەی هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکەدا لە دادگەی فیدراڵیش سکاڵایەک تۆمار دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 25-11-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ 25 مامۆستای وانەبێژ و دامەزراو لە پەروەردەی چەمچەماڵەوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون، بەڵام سبەی لە هەموو پەروەردەکانەوە مامۆستایان بەڕێدەکەون و لەوێ ناڕەزایی دەردەبڕن".
 
مامۆستا کارۆخ دەڵێت، مامۆستایان خۆیان پاسیان گرتووە و سبەی بەرەو گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بەڕێدەکەون؛ گوتیشی، "لەوێ گردبوونەوە دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، جیاوازی لەنێوان مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و عێراق نەکات و هاوشێوەی یەک مامەڵەمان لەگەڵ بکات".
 
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان ئاماژەی بەوەشكرد، لە بەغدا رووی رەخنەیان زیاتر لە حکومەتی عێراق دەبێت، نەوەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەردەوامیش دەبن لە بایکۆت؛ گوتیشی، "حکومەتی عێراق لە یاسای بودجەدا 300 هەزار گرێبەست و وانەبێژی کردە هەمیشەیی، بەڵام هیچ حسابێکی بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت وانەبێژانی کەرکووکیش نەکرد".
 
مامۆستا محەممەد چەمچەماڵی، یەکێک لە مامۆستایانی ناڕازی چەمچەماڵە و لەگەڵ مامۆستایانی دیکەی سنوورەکەی ئەمڕۆ دەگەنە بەغدا و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی بەشداری دەکەین لە ناڕەزایی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا".
 
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەکرد، دەیانەوێت لە بەغداوە دەنگیان بە هەموو شوێنێک بگات و گوتیشی، "سبەی بەشێکی مامۆستایان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایەک تۆمار دەکەن و داوا دەکەن، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بەغدا".
 
13ـی ئەیلوول، خوێندنی ساڵی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە (جگە لە پۆلی 12) و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆتی وانەبێژان و مامۆستایانی دامەزراو بەردەوامە.
 
21-11-2023، پشکۆ  ئەحمەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی راگەیێندراوی (گشتی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی لە هەرێمی کوردستان) خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، دوای کۆبوونەوەیان بۆ ماوەی سێ کاژێر گەیشتوون بە چەند خاڵێک، لەنێویدا بۆ داواکردنی مافەکانیان کە دامەزراندنیانە رووبکەنە بەغدا.
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە، خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوامیان نەکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."