رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان 100 نەخۆشی تالاسیما بۆ چارەسەر دەنێرێتە دەرەوە کە 36 تووشبوو لە هەولێر، 32 لە سلێمانی و 32 لە دهۆک دەبن.
ئەمڕۆ شەممە 25-11-2023، ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری ناردنە دەرەوەی 100 نەخۆشی تالاسیمای بۆ وڵاتانی تورکیا و ئوردن داوە. نەخۆشەکان لەوێ مۆخیان بۆ دەچێندرێت و چاک دەبنەوە".
ئیبراهیم ئەحمەد گوتی، رێکارە کارگێڕییەکان بۆ ناردنی نەخۆشەکان دەستیانپێکردووە و وەزارەتی تەندروستی فایلی بۆ نەخۆشەکان کردووەتەوە کە 36 نەخۆش لە پارێزگای هەولێر، 32 لە پارێزگای سلێمانی و 32 لە پارێزگای دهۆک دەنێردرێنە دەرەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما دەڵێت، "نەخۆشی زۆر زیاتر هەن بە ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات چارەسەر دەبن، بەڵام وەکو قۆناخی یەکەم 100 نەخۆش دەنێردرێنە دەرەوە. تەنیا لە سەنتەری توشبووانی هەولێر زیاتر لە 70 نەخۆشی تالاسیما ناویان بۆ ناردنە دەرەوە تۆمار کردووە و بەشێکیان دەمێننەوە بۆ قۆناخەکانی داهاتوو".
ئەو نەخۆشانەی دەنێردرێنە دەرەوە بۆ چاندنی مۆخ، دەبێت تەمەنیان لەنێوان سێ ساڵ بۆ 18 ساڵ بێت؛ هەروەها رێژەی ئاسنی لەشیان بەراورد بە نەخۆشانی دیکە لە نزمترین ئاستدا بێت.
چاندنی مۆخ چییە؟
ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، "چارەسەرێک بۆ توشبووانی تالاسیما هەیە کە چاندنی مۆخە؛ دەبێت ئەو کەسەی چاندنی مۆخی بۆ دەکرێت لە دایک و باوکی یان خوشک و برای مۆخەکە وەربگیرێت و هەمان کۆدی مۆخی خۆی بێت".
ئەو کەسەی مۆخەکە وەردەگرێت لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕەوە بە دەرزی کیمیایی مۆخی خۆی دەمرێندرێت و مۆخە نوێیەکەی بۆ دەچێندرێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما دەڵێت، لە قۆناخی یەکەمی ناردنە دەرەوەی نەخۆشان هەوڵ دەدەن ئەو کەسانە بنێرنە دەرەوە کە رێژەی چاکبوونەوەیان لە ئاستی هەرەبەرزدایە.
23ـی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی درا لەسەر چارەسەرکردن و چاندنی مۆخ بۆ 100 توشبووی نەخۆشی تالاسیمیا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی تەندروستی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە راسپێردران بە گرتنەبەری رێکاری پێویست بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشەکان لە وڵاتانی تورکیا و ئوردن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆخی تەندروستیی توشبووان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەکاتە بنەما بۆ ریزبەندیکردنیان بە مەبەستی چارەسەرکردنیان لە دەرەوەی وڵات".
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی چوار هەزار توشبووی تالاسیما هەن.
تالاسیما نەخۆشییەكی بۆماوەیی خوێنە و تێیدا كەسی نەخۆش تووشی تێكشكان و شیبوونەوەی خڕۆكە سوورەكانی خوێنی دەبێت. ئەمەش لەلایەكەوە تووشی كەم خوێنی دەكات و دەبێت بەشێوەیەكی بەردەوام خوێنی تێبكرێت، لەلایەكی دیكەوە بڕێكی زۆری مادەی ئاسن لە شانەكانی لەشیدا (دڵ و گورچیلە و كوێرە رژێنەكان) كۆدەكاتەوە و پەكیان دەخات، واتە گواستنەوەی خوێن لە نەخۆشییەكە رزگاری ناكات، بەڵكو چارەسەر بەوە دەبێت چاندنی مۆخ بۆ كەسەكە بكرێت.
هەر نەخۆشێک مانگانە بۆ دابەزینی رێژەی ئاسن لە خوێنیدا پێویستی بە 80 بۆ 100 دەرزییە. لە بازاڕدا دەرزییەکە هەیە کە هەر پارچەیەکی 10 دەرزی تێدایە و بە 45 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ