رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دێتە هەرێمی کوردستان و مانگی داهاتوو قۆناخی دووەمی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستپێدەکات.
رۆژی سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قۆناخی دووەمی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک مانگی داهاتوو دەستپێدەکات؛ تێیدا هاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە زیادکردنی ناوی منداڵ، راستکردنەوەی ناو و گۆڕینی ناوی سەرۆکخێزان، ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە یان لە دەرەوە دەژین."
بە گوتەی سیامەند قادر نانەکەلی، بۆ ئەم مەبەستە هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. گوتیشی: "سەردانەکە بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەم سیستمە نوێیەیە، خولێک بە فەرمانبەرانمان دەکرێتەوە بۆ زیاتر شارەزابوون."
بۆ دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە هەرێمی کوردستان، کێشەی نەبوونی ئامێر و پێداویستی هەبوو. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی: "لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر کڕینی پێداویستییەکان بۆ هەموو پارێزگاکان دەرچووە؛ ئێستا لە پارێزگای هەولێر ئامێرەکان کڕدراون، لە سلێمانی و دهۆک هەندێک رێکاری بانکی هەیە و دەکرێن و لەم یەک دوو رۆژەدا لەوێش ئامێرەکان دەکڕدرێن."
دوێنێ وەزارەتی بازرگانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "بەپێی دوایین ئاماری پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی (خۆراک) لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، 94.14%ـی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، لە پارێزگای سلێمانی 93.68٪ و پارێزگای دهۆک 93.67% و پارێزگای هەڵەبجەش 96.80% کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە."
10ـی ئەم مانگە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ئەپڵیکەیشنی فۆڕمی خۆراک بۆ ماوەی 10 رۆژ کارا دەکەنەوە بۆ ئەو خێزانانەی لە قۆناخی سەرەتادا ناویان تۆمار نەکردووە و بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕدراوە؛ پرۆسەکە تاوەکو 12:00ـی شەوی 20ـی هەمان مانگ بەردەوام بوو.
قۆناخی یەکەم، کە پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک بوو، رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2025 دەستی پێکرد و لە 2ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ داخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ