رووداو دیجیتاڵ
ئەو پەرلەمانتارەی لە ریزەکانی کۆمەڵی دادگەری دوورخرایەوە، رایدەگەیێنێت، ئێستا پەرلەمانتارێکی سەربەخۆیە، "هیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراوم لەبارەی دیزاینی هەڵبژاردن نەبینیوە." ئاماژە بەوەش دەکات، دەبوو بەهۆی کەمکردنی دەنگەکانەوە، زۆربەی سەرکردایەتیی حیزبەکەی پێشووی دەستیان لەکاربکێشابایەوە.
هێرۆ عەتار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، باسی لە دۆخی خۆی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کرد.
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان رایگەیاند، ئێستا وەکو ئەندامێکی سەربەخۆ دەوام دەکات و هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵی دادگەرییەوە نەماوە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، ئەگەر کۆمەڵ بایکۆت بشکێنێت و بگەڕێتەوە پەرلەمان، ئایا ئەویش دەچێتەوە نێو فراکسیۆنەکەیان؟ هێرۆ عەتار گوتی، "ناتوانم لە ئێستاوە بڕیار لە گەڕانەوە بدەم."
سەبارەت بە هەڵوێستی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "هەرچی لە بەرژەوەندیی خەڵکی بێت ئەوە دەکەم و ئامادە دەبم، بەو مەرجەی یاریی سیاسی نەبێت."
کۆمەڵی دادگەری بە پاساوی "دیزاینکردنی هەڵبژاردن" بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، بەڵام هێرۆ عەتار رەتیکردەوە هیچ بەڵگەیەکی لەوبارەیەوە بینیبێت و گوتی، "بەڵگەی سەلمێندراویان لەسەر دیزاینکردنی هەڵبژاردن پێ نەداوم."
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سێ کورسیی بەدەستهێنا، بەڵام تەنیا هێرۆ عەتار پابەندی بڕیاری بایکۆت نەبوو و سوێندی یاسایی خوارد، دواتریش بەو هۆیەوە لە ریزەکانی حیزبەکە دوورخرایەوە.
هێرۆ عەتار سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری بە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی حیزبەکە ناوبرد.
بەپێی ئامارەکان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ساڵی پار) 64,874 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگەکانی دابەزی بۆ 49,756 دەنگ.
هێرۆ عەتار دەڵێت، "دەبوو 70%ی سەرکردایەتی لەسەر ئەو شکستە دەستیان لەکاربکێشایەتەوە و کۆنگرە بکرێت.."
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، سەرکردایەتیی کۆمەڵ رایگەیاندبوو، بەرپرسیارێتیی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ئەستۆ دەگرن و خۆیان رێکدەخەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ