رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لیژنەیەک لە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە بۆ گۆڕانکاری لە پۆستەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان.
رۆژی سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025 عەتا محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پۆستەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان دەکرێت، بە مەبەستی ئەوەی کەسی شیاو و خاوەن ئەزموون بۆ خزمەتی هاونیشتمانییان دابنرێت."
بە گوتەی عەتا محەممەد، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێکهێندراوە، "ئەو لیژنەیە هەڵسەنگاندن بۆ کار و خزمەتی بەرپرسانی پێشوو دەکات؛ هەر کەسێک کە خزمەتی هاونیشتمانییانی وەکو پێویست نەکردبێت و کارا نەبووبێت، کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دادەنرێت."
لەبارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، عەتا محەممەد رایگەیاند، "گۆڕانکارییەکان گشتگیرن و سەبارەت بە بەڕێز دکتۆر هەڤاڵ، خۆی پێشتر داوای بەخشینی کردووە."
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری ئێستای سلێمانی، لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە. رۆژی 30ی نیسانی 2014، کاتێک ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ھەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بوو بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و پاڵێوراوی گۆڕان بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار.
لەو هەڵبژاردنەدا، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسیی بەدەستهێنا و ھەڤاڵ ئەبوبەکر 241,241 دەنگی بەدەستهێنا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، لە 25ی ئابی 2016، لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە متمانەی پێدرا. دواتر بە فەرمانی ژمارە 5155 لە رۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2017، کە بە واژۆی نێچیرڤان بارزانی دەرچوو، وەکو پارێزگاری سلێمانی بە پلەی بریکاری وەزارەت لە وەزارەتی ناوخۆ دامەزرێندرا.
وەزارەتی ناوخۆ، رۆژی 3ـی کانوونی یەکەمی 2017، فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرکرد و رۆژی دواتریش ناوبراو لە رێگەی نووسراوێکەوە دەستبەکاربوونی خۆی بە وەزارەتی ناوخۆ راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ