کۆمیسیۆن سکاڵایەکی یەکێتی دژی پارتی و سکاڵایەکی دژی یەکێتی رەتکردەوە

25-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سکاڵایەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر و سکاڵایەکی دژی یەکێتی لە پارێزگای دهۆک رەتکردەوە.

رەتکردنەوەی سکاڵایەکی یەکێتیی دژی بەربژێرێکی پارتی لە هەولێر 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 25-11-2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بە رەتکردنەوەی سکاڵایەک کە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دژی بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمارکرابوو.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە کە وێنەیەکی دەستی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، سکاڵاکە لەلایەن تاریق سابیر عەبدوڵڵا، نوێنەری رێگەپێدراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دژی جیهان حوسێن عەزیز، بەربژێری ژمارە 8ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر تۆمارکرابوو.

 

 
پارتی لە پارێزگای هەولێر 9 بەربژێری دەرچووە و چیمەن حوسێن عەزیز رەسوڵ، حەوتەمین دەرچووی پارتییە لە پارێزگای هەولێر کە 15264 دەنگی هێناوە.
 
لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاراندا هاتووە: "سکاڵاکە رەتکرایەوە بەهۆی نەبوونی سەرپێچی، ئەمەش بەگوێرەی مادەی 3/چوارەم لە پەیڕەوی سکاڵا و تانەکان ژمارە 10ی ساڵی 2025."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمیسیۆن، سکاڵاکە پەیوەست بووە بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە و بڕیارەکە بە کۆی دەنگ پەسندکراوە.
 
رەتکردنەوەی سکاڵایەکی دژی یەکێتی لە دهۆک

 

 
بەگوێرەی بڕیارێکی دیکە کە وێنەیەکی دەستی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، سکاڵایەک لەلایەن ئارام ئەبلەحەد مەنسوور، بریکاری نوێنەری کۆتای کریستیان لە پارێزگای دهۆک دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆمارکرابوو.
 
لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاراندا هاتووە: "سکاڵاکە رەتکرایەوە، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەری پێویست، ئەمەش بەگوێرەی دەقی مادەی 3/چوارەم لە پەیڕەوی سکاڵا و تانەکان ژمارە 10ی ساڵی 2025."
 
کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کردووە سکاڵاکە پەیوەست بووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کلدۆ رەمزی لە بازنەی هەولێر، سامی ئۆشانە لە بازنەی دهۆک، عیماد یوخەنا لە بازنەی کەرکووک، ئیڤان فایەق لە بازنەی بەغدا و ئەسوان کلدانی لە بازنەی نەینەوا، پێنج کورسیەکەى کۆتای کریستیانیان لە پەرلەمانی عێراق مسۆگەرکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".