رووداو دیجیتاڵ
ئۆرکێسترای نیشتمانیی تاران سەرقاڵی تۆمارکردنی سەمفۆنیایەکن بۆ قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت. ئەمە دوای سەمفۆنیای هیرۆشیما، دووەم سەمفۆنیایە لەسەر ئاستی جیهان بۆ قوربانیانی چەکی کۆمەڵکوژ ئامادە بکرێت.
سەمفۆنیاکە بڕیارە رۆژی 27ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) لە شاری لاهای هۆڵەندا نمایش بکرێت. بەهمەن قوبادی، ئاوازدانەری سەمفۆنیاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دانانی ئاوازەکەدا سوودی لە مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی وەرگرتووە.
رەزا ئەسغەرزادە، دەنگهەڵگر و سەرپەرشتیاری تۆماری سەمفۆنیاکە باس لە کاریگەریی رووداوەکە لەسەر خۆی دەکات و دەڵێت: "هەرگیز ئەو رووداوە کارەساتبار و خەمناکە بۆ من نامۆ نەبووە، لە کاتی رووداوەکەدا هاوڕێیەکی زۆر نزیکم ئەندامی خاچی سوور بوو و بۆ یارمەتیدان هاتبووە ئێران؛ من لە رێگەی ئەوەوە کۆمەڵێک وێنەم بینی کە خەڵکی ئاسایی نەیانبینیبوو، هەر لەو کاتەوە ئاگاداری قووڵایی کارەساتەکە بووم."
سەردەشت یەکەم شارە لە جیهاندا کە بە چەکی کیمیایی هێرشی کراوەتە سەر، بەهمەن قوبادی ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی سەمفۆنیاکە گەیاندنی پەیامی ئاشتی و رێگریکردنە لە دووبارەنەبوونەوەی کارەساتی لەم شێوەیە.
رۆژی 28ـی حوزەیرانی ساڵی 1987 لە گەرمەی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، شاری سەردەشت، بەبێ ئەوەی بەشێک بێت لە بەرەکانی شەڕ، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراقەوە کیمیاباران کرا. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 130 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 8 هەزار هاونیشتمانیی دیکەش ژەهراوی بوون، کە تاوەکو ئێستاش بەشێکیان بە دەست کاریگەرییەکانی ئەو چەکە قەدەخەکراوەوە دەناڵێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ