رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو کەسانەی بۆ حەج ناویان دەرچووە، دەبێت پشکنینی پزیشکی بکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەنجامی ئەو پشکنینە رەوانەی سعودیە دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار لە پێدانی ڤیزە دەدرێت.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 25-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئەو کەسانەی ئەم ساڵ ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە، دەبێت پشکنینی پزیشکی بکەن و لە پشکنینەکە دەربچن، ئینجا سعودیە ڤیزەیان پێدەدات."
گوتەبێژی دەستەکە گوتیشی، "سعودیە مەرجی پێشوەختەی بۆ پێدانی ڤیزەی حەج داناوە، کە پشکنینی پزیشکییە بۆئەوەی بزانرێت ئایا کەسەکە لەڕووی تەندروستییەوە دەتوانێت حەج بکات یان نا. بۆیە خوازیارانی حەج وێڕای پشکنین، ڤاکسینیشیان لێدەدرێت، فۆرمی شیاویی پزیشکییان بۆ پڕدەکرێتەوە و رەوانەی سعودیە دەکرێ، تاوەکو لەوبارەیەوە بڕیار بدەن. هەر کەسێک مەرجی تەندروستیی تەواوی نەبێت، سعودیە ڤیزەی پێنادات."
بە گوتەی ستوونی، "ئێستا لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی پشکنین دەستی پێکردووە. بۆ نموونە، لە هەولێر لە بنکە تەندروستییەکانی مەلافەندی، ئازادی و نازدار بامەڕنی پشکنین دەکرێت، بەڵام لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە پرۆسەکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بۆ ئەو مەبەستە لە هەر ناوچەیەک ژمارەیەک بنکەی تەندروستی دیاری کراون."
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی کراوە و چەندین لیژنە بۆ پشکنینی پزیشکی دانراون. کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەش کرد، دواتر ئەنجامی پشکنینەکان لە رێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە بۆ سعودیە دەنێردرێن تاوەکو ڤیزە بە خوازیارانی حەج بدرێت، پێویستە هەموو خوازیارێکیش ئەو پشکنینە بکات.
رۆژی 16-11-2025 لە رێوڕەسمێکدا بە شێوەی ئەلیکترۆنی تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە ناویان تۆمار کردبوو بچنە حەجی ساڵی داهاتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ