رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی رێگە نادەن دەستەکەیان سەردانی گیراوانی لالەزار بکات و داوایان کردووە لەسەر ئەو پرسە و چەند بابەتێکی دیکە شاندێکیان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ببینێت.
رۆژی سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، سلێمان سندی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مانگێک و نیو زیاترە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی رێگە بە تیمی دەستەکەمان نادەن سەردانی زیندانی کانی گۆمی بکەین و چاومان بە دەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار بکەوێت؛ تەنیا دوو جار رێگەیان پێداوین."
لەبارەی هۆکاری رێگرییان، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە دەستەی مافی مرۆڤ گوتی، "هیچ هۆکارێکیان پێ نەگوتووین و تەنیا دەڵێن ناتوانن بیانبینن."
بە گوتەی سلێمان سندی، هەوڵەکانیان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت و کاری خۆیان دەکەن. گوتیشی: "پەیوەندیمان بە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی کردووە کە دەمانەوێت لەسەر ئەم پرسە و چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، شاندێکی دەستەکە سەردانیان بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکنەکەوتووە".
هاوکات ئەحمەد خەسرۆ، یەکێک لە ئەندامە باڵاکانی بەرەی گەل بە رووداوی گوت: "کەیسەکەی کاک لاهوور بە سیاسی کراوە و تائێستا دادگایی نەکراوە، کەسمان نازانین چارەنووسی ئەوان و گیراوانی دیکە چی لێدێت؛ بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتی، وەکو بەریتانیا، هاتوونەتە سەرهێڵ و هەوڵی ئازادکردنی دەدەن."
لاهوور شێخ جەنگی، بەشێکی زۆری تەمەنی لە بەریتانیا بەسەربردووە و وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی هەیە.
نزیکەی چوار مانگە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەستگیرکراون. ئەحمەد خەسرۆ، گوتی: "لەگەڵ ئەوان زیاتر لە 200 کەس گیرابوون، بەشێکیان ئازاد کران، کە کارگوزار بوون؛ بەڵام هێزە ئەمنییەکان ئازاد نەکراون و نزیکەی 170 کەس ئێستا لەگەڵ کاک لاهوور و کاک پۆڵاد دەستگیرکراون."
بەرەبەیانیی 22ـی ئابی 2025، دوای زیاتر لە 3 کاژێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ