رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی پشووەکانی سەری ساڵ و پێشبینی دەکەن "200 هەزار کەس سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن". دەشڵێت، هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئاسایش هەیە و گرووپە گەشتیارییەکان بە چوار خولەک کارەکانیان رایی دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25-12-2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ پشووەکانی سەری ساڵی زایینی کە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات، ئامادەکاریمان کردووە و چاوەڕوانی هاتنی 200 هەزار گەشتیار دەکەین."
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان کردووە و هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئاسایشی بازگەکانی هەرێمی کوردستاندا کردووە بۆ کارئاسانیکردن بۆ گەشتیاران. "ئێستا گرووپە گەشتیارییەکان بە چوار خولەک رێکارە کارگێڕییەکانیان بۆ دەکرێت و رێگەی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان پێدەدرێت."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ساڵ هەموو هۆڵ، رێستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە لە رۆژانی پشووی سەری ساڵدا کراوەبن و ئامادەکاری بکەن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران. دەشڵێت، "چەند لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ رێگری لە قۆرخکاریی نرخ و ناچارکردنی خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان بۆ هەڵواسینی نرخ؛ هێڵی گەرمیشمان دەبێت و هەر گەشتیارێک پێویستی بێت دەتوانێت بەکاری بهێنێت."
ئیبراهیم عەبدولمەجید باسی لەوەشکرد، بۆ پشووەکانی سەری ساڵ چەندین ئاهەنگی جیاواز بەڕێوەدەچن. گوتیشی، لە دهۆک، زاخۆ و چەند ناوچەیەکی دیکە ئاهەنگی گشتیی بەڕێوەدەچێت و ئەوانی دیکە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێن.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و 708 شوێن وەکو شوێنی گەشتیاری یان کارکردن لە بواری گەشتیاری تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ