دەریاچەی ورمێ 930 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدا ماوە

25-12-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاستی ئاو و رووبەری دەریاچەی ورمێ بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە. پارێزگاری ورمێ دەڵێت، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی بارانبارین زیاتر لە 2٪ کەمیکردووە و ئاستی ئاوی دەریاچەکە 14 سانتیمەتر دابەزیوە.  
 
رۆژی دووشەممە، 25-12-2023، محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەراورد ساڵی رابردوو نزیکەی 14 سانتیمەتر دابەزیوە و رووبەرەکەی گەیشتووەتەوە 686 کیلۆمەتر چوارگۆشە. ئەوە لەکاتێکدایە بەر لە دەستپێکی کێشەی وشکبوونی، رووبەرەکەی پێنج هەزار و 200 کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو، قووڵایی دەریاچەکە دەگەیشتە 16 مەتر.
 
محەممەد سادق موعتەمدیان گوتی، "ساڵی رابردوو دەریاچەی ورمێ یەک ملیار و 200 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدا بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتەوە کەمترین ئاستی خۆی کە 930 ملیۆن مەترسێجایە، ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین کە بەراورد بە ساڵی رابردوو تائێستا، 2.4٪ کەمیکردووە."
 
بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، ئاوی بەنداوی کانی سێوی پیرانشار دەگوازرێتەوە بۆ دەریاچەکە، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە حەوت گوندی شارەکە ژێر ئاو کەوتوون. پارێزگاری ورمێ ئاماژەی بەوە کرد، لە داهاتوودا نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداو و رووبارەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەریاچەی ورمێ.''
 
محەممەد سادق موعتەمدیان جەختی لەوە کردەوە، بڕی گواستنەوەی ئاو پەیوەستە بە رێژەی بارانبارین و گوتیشی، لەکاتی زۆربوونی باران، بڕێکی زیاتر ئاو بۆ دەریاچەکە دەگوازرێتەوە.
 
بەنداوی کانی سێو لە پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێ هەڵکەوتووە و پرۆژەیەکی خاکییە بە بەرزیی 58 مەتر، درێژیی 850 مەتر و دەریاچەیەک بە درێژیی 20 کیلۆمەتر. توانای گلدانەوەی ساڵانە 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و زیاتر لە 90٪ـی ئاوەکەی لە رێگەی توونێلێکی 35 کیلۆمەتری و کەناڵێکی 11 کیلۆمەترییەوە بەشێوەی نادیار دەڕژێتە نێو دەریاچەی ورمێ.
 
بەهۆی دروستکردنی ئەو بەنداوەوە گوندەکانی سۆغانلوو، کاسەکەران و چەندین گوندی دیکە و دەیان هێکتار باخ و زەویی کشتوکاڵی ژێر ئاو کەوتوون. ترسێکی دیکەی دانیشتووانی پیرانشار ئەوەیە کە گواستنەوەی ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ رووی پرۆژەکە بێت، بەڵام لە نێوەڕۆکدا ئامانجەکەی گواستنەوەی ئاو بۆ شارە بێ ئاوە گەورەکانی وەکو تەورێز بێت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.