رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا کێشەی زەویوزار لە کەرکووک وەک برینێکی ساڕێژنەبوو ماوەتەوە، هەڵبژاردنەوەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە لەلایەن ئەنجوومەنەوە، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی لای جووتیارانی کورد و تورکمان دروستکردووە. بەڕێوەبەرەکە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لەماوەیەکی کەمدا دەیان گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ عەرەبە هاوردەکان نوێکردووەتەوە، ئەمەش لەسەر حیسابی ئەو زەوییانەی خاوەنەکانیان تاپۆی رەسمییان هەیە.
17 هەزار دۆنم زەوی لە ناوچەکانی کاکەیی و تاڵەبانی لە سنووری قەزای داقووق، جارێکی دیکە بووەتەوە بە چەقی ململانێیەکی یاسایی و نەتەوەیی. ئەم زەوییانە کە بە بڕیاری دادگا و بەپێی بەڵگەنامەکانی تاپۆ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان (کورد) گەڕاونەتەوە، ئێستا لەلایەن هاوردەکانەوە داگیرکراون و لەدوای 2017ـەوە 3 بۆ 4 گوندیشیان تێدا ئاوەدان کراوەتەوە.
شێخ نەجات تاڵەبانی، یەکێکە لەو جووتیارانەی زیاتر لە 3 هەزار دۆنم زەوی خۆی و کەسوکاری لەو سنوورەیە، دەڵێت سەرەڕای بڕیاری دادگا و نوێکردنەوەی تاپۆکانیان لە ساڵی 2006ـەوە، بەڵام فەرمانگەی کشتوکاڵ ئامادە نییە گرێبەستی هاوردەکان هەڵبوەشێنێتەوە.
شێخ نەجات تاڵەبانی، جووتیاری گوندی عەنانە دەڵێت: "هەر زەوییەک بەبڕیاری دادگا گەڕابێتەوە دەبێ گرێبەستەکانی هەڵبوەشێتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرەکانی کشتوکاڵ و فەرمانگەی کشتوکاڵ بە داخیەوە کە دەڵێم، بە ڕۆحییەتی یاسایی کار ناکەن، بە تێگەیشتنی تایفی و نەتەوەیی کار دەکەن لەم پرسەدا کە پرسێکی یاساییە."
لەناو هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دیمەنەکە جیاواز بوو. عیسام سلێمان بەکۆی دەنگ وەک بەڕێوەبەری کشتوکاڵ دیاری کرایەوە، ئەوەی جێی تێبینی جوتیارانە، بەشێک لەو دەنگانەی بە عیسام سلێمان دراون دەنگی ئەندامانی کورد بوون، لەکاتێکدا ناوبراو پێش دەستبەکاربوونی وەک بەڕێوەبەری هەڵبژێردراو، 70 گرێبەستی بۆ هاوردەکان نوێکردووەتەوە.
نەشئەت شاهوێز، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: "ئێمە پەیوەندیمان بە کەسەکانەوە نییە، بەڵام کارکردنی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک پرسیاری زۆرمان لەسەری هەیە. لەگەڵ ئەم بەڕێوەبەرە کە ناوی مامۆستا عیسامە قسەمان کردووە، چەند گرێبەستێک کراوە بانگی دەکەین و دەبێ روونکردنەوە بدات."
تەنیا کوردەکان نین کە ناڕازین؛ جووتیارانی تورکمانیش هەمان دەردیان هەیە. لە سنووری ناحیەی تازە و تۆپزاوا، جووتیاران دەڵێن، فەرمانگەی کشتوکاڵ بڕیارە یاساییەکان پشتگوێ دەخات و کار بۆ زیندووکردنەوەی گرێبەستەکانی سەردەمی بەعس دەکات.
سامی غەفور، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا باس لەوە دەکات: "لەوەتەی ئەم بەڕێوەبەرە دەستبەکاربووە کێشەمان زۆرە لەگەڵی دا، ئێمە هەموو زەویوزارمان گرێبەستی سەردەمی بەعسی لەسەرە."
سەلمان عەلی، جووتیاری تورکمانی ناحیەی تازە: "هاتووم سکاڵا بخەمەڕوو، چۆن گرێبەست تازە کراوەتەوە لەکاتێکدا زەوییەکە لەدەست خۆمدایە؟"
پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک کە پێشتر پشکی کورد بوو، دوای ساڵی 2017 بە وەکالەت لەلایەن پێکهاتەی عەرەبەوە بەڕێوەدەبرا. ئێستاش لە چوارچێوەی رێککەوتنی پێکهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگا، پۆستەکە بە فەرمی درایە عەرەب و کاندیدی وەسفی عاسی (عیسام سلێمان) پۆستەکەی وەرگرت؛ پۆستێک کە بڕیارەکانی داهاتووی، چارەنووسی هەزاران دۆنم زەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە گوندەکانی کەرکووک دیاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ