رووداو دیجیتاڵ
شەڕ و پێکدادان لە گرتووخانەی غوێران لەنێوان هێزەکانی هەسەدە بە پاڵپشتی هاوپەیمانان لەگەڵ چەکدارانی داعش راوەستاوە، بەشێکی زۆری گرتووخانەکەش کەوتووەتە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-01-2022، بارزان فەرمان، پەیامنێری رووداو لە حەسەکە رایگەیاند، شەڕ و پێکدادان لەنێو گرتووخانەی پیشەسازی لە گەڕەکی غوێران راوەستاوە، تاوەکو ئێستا هەشت بەشی سەرەکی باڵەخانەی گرتووخانەکە کەوتووەتە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاندووە، کە هێزەکانیان توانیویانە 23 دیلی دەست چەکدارانی داعش رزگار بکەن، بە گشتی تاوەکو ئێستا 34 کارمەندی گرتووخانەکە کە وەکو دیل کەوتبوونە دەست چەکدارانی داعش رادەستی هەسەدە کراون. بەڵام هێشتا ژمارەیەک دیلی دیکە لە دەست چەکدارانی داعش ماون.
چەکدارانی داعش لە رۆژانی یەکەم و دووەم شەڕەکەیان گواستەوە دەرەوەی گرتووخانەکە، بۆ ئەوەی هەم هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەم هێزەکانی هاوپەیمانان سەرقاڵی گرتووخانەکە بن و ئەوانیش دەرچەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لێی دەرباز ببن.
دوێنێش چەکدارێکی داعش لە گەڕەکی ساڵحییە دەستگیرا، هەروەها سێ چەکداری دیکەی داعش لە چەرخەرەی جوودی نزیکی کەللاس دەستگیرکران. دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش لەنێو شارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە، بە تایبەت ئەوانەی سەر بە شانە نووستووەکانی داعشن.
هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پاڵپشتیی هێزەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و بەم دواییانەش هێزەکانی بەریتانیا توانیویانە گرتووخانەکە بە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام هێشتا دیار نییە یاخیبوونی ئەندامانی داعش لەنێو گرتووخانەکە بەردەوامە یان نا.
ژمارەیەک چەکداری داعش کە هەڵاتوون، خۆیان لەنێو ئەو خانوو و باڵەخانانە دەشارنەوە کە تەواو نەکراون. ئەو چەکدارانەی داعش لە دەرگای ماڵان دەدەن بۆ ئەوەی بچنە نێو خەڵک، بەهۆی ئەوەی مۆبایلیان کەوتبووە دەست توانیبوویان پەیوەندی بە شانە نووستووەکانەوە بکەن، تاوەکو ئێستاش ژمارەیەک چەکداری داعش کە دیار نییە چەند کەس دەبن، هەڵاتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ