رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن بەر لە گەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتن گیانی لەدەستدا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، هاونیشتمانییەکی تەمەن 41 ساڵ، دانیشتووی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی شارەوانی سەر بە ناوەندی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانی لەدەستدا.
مەسعود قەلعە سفیدی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی پزیشکیی کرماشان لەوبارەیەوە رایگەیاند، هاونیشتمانییەکە ''دانیشتووی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونە لە شاری کرماشان و کاژێر 14:25ـی ئەمڕۆ بەهۆی گازەوە ژەهراویبووەوە و بەداخەوە بەر لە گەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا بۆ شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا''.
گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییەکە لەکاتێکدایە کە بەیانیی دوێنێ پێنجشەممە، سێ هاونیشتمانیی دانیشتووی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئەندێشە لە شاری کرماشان بەهۆی گازەوە ژەهراویبوون و گەیێندرانە نەخۆشخانە. بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی پزیشکیی پارێزگاکە گوتی، ''تەندروستیی هەر سێ ژەهراویبووەکە جێگیرە و دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست نێردراونەتەوە ماڵەوە".
بە گوتەی مەسعود قەلعە سفیدی، لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوودا لانیکەم 17 کەس لە سنووری پارێزگای کرماشان بەهۆی ژەهراویبوون بە گازەوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ