رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعشی لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوێنێ تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە شاری قامشلۆ ئەنجامدا و شانەیەکی داعشیان کردە ئامانج کە پلانی بۆ کردەوەی تیرۆریستی لە شارەکە دانابوو."
وەک هەسەدە ئاماژەی پێکردووە، دوو چەکدارەکە بران و بە ناوەکانی ئوسامە و عیسا محەممەد ئەحمەدن.
هەسەدە دەڵێت: "تیرۆرستە دەستگیرکراوەکان پلانیان بۆ زنجیرەیەک هێرشی تیرۆرستی" لە قامشلۆ دانابوو، لەوانەش "چاندنی بۆمب لە شوێنە گشتی و تایبەتەکان، بۆ ئەوەی تیرۆر و پشێوی لەنێو خەڵکی سڤیلدا بڵاوبکەنەوە."
رۆژی هەینیش هەسەدە دەستگیرکردنی دوو "سەرکردە"ی داعشی راگەیاندبوو.
داعش لە گەرمەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2014 شاڵاوێکی خوێناویی کردە سەر سووریا و عێراق و بەشێکی گەورەی هەردوو وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد.
وێڕای ئەوەی هەسەدە بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ساڵی 2019 تێکشکاندنی "خەلافەت"ی رێکخراوە پەڕگیرەکەی لە بەری رۆژهەڵاتی فورات راگەیاند، شانە نووستووەکانی داعش لە ناوچە دوورەدەست و کەلێندارەکاندا ماون.
لەو کاتەوە رێکخراوە پەڕگیرەکە نەیتوانیوە هیچ رووبەرێک کۆنترۆڵ بکات، بەڵام شانە نووستووەکانی بەردەوام بوون لە هێرش.
سێشەممەی رابردوو هەسەدە رایگەیاند، پار لە 98 ئۆپەراسیۆندا 17 چەکداری داعشیان کوشتووە کە 6یان سەرکردە بوون؛ هەروەها 278ی دیکەشیان دەستگیرکردووە.
لە هەمان ساڵدا داعش 113 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ