رووداو - خەلیفان
لە سنووری خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سۆران لە پارێزگای هەولێر نەخۆشی لەنێو ئاژەڵان بڵاوبووەتەوە، بەشێوەیەک کە لە گوندی بناویە هێندەی ئاژەڵە زیندووەکان ئاژەڵی مرداربووش هەن و دەوروبەری ماڵەکان پڕ بوون لە لاشەی ئاژەڵ؛ هەفتەیەکە نەخۆشییەکە بڵاوبووەتەوە و رەنج و ماندووبوونی ئاژەڵدارانی بەخەسار بردووە.
فەیسەڵ ئەحمەد، ئاژەڵدار دەڵێت، "من و کوڕەکەم ئاژەڵدارین، ئاژەڵەکانی کوڕەکەم ئەو نەخۆشیەیان گرت. لە 48 کاژێردا 70 سەر ئاژەڵی مردار بوون. 30 ساڵ دەبێت ئاژەڵدارم، یەکەم جارمە پەتایەکی لەو شێوەیە ببینم و هەمووان لەناوببات، پێمان خۆشە خەڵکی دیکە وەکو ئێمە تووشی زەرەر نەبن و حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕمان لێبداتەوە؛ تیمی ڤێتێرنەری بنێرن و ئاژەڵەکانمان بکوتن."
هیچ لایەنێکی فەرمی بە دروستی ناوی نەخۆشییەکە و شێوازی چارەسەرکردنەکەی پێ نەوتوون. نەخۆشییەکە گەیشتووەتە ئاژەڵی چەند گوندێکی ئەو سنوورە و زۆرتر لەنێو بزندا بڵاوبووەتەوە.
سابیر بناوی، ئاژەڵدار ئاماژەی بەوە کرد، "یەکەمجار دایکەکە شەل دەبێت، کە شەل بوو تا دەگرێت، کە بێچووەکەی شیری دایکەکە بخوات یەکسەر دەمرێت، من 70 بۆ 80 سەر ئاژەڵم لە ماوەیەکی کەمدا لەنێوچوون."
بۆ دیاریکردنی جۆری نەخۆشییەکە و دۆزینەوەی چارەسەر، دەبێت لاشەی ئاژەڵی مردوو ببرێنە تاقیگەی پێشکەوتوو؛ بەڵام نە ئاژەڵدار ئەو کارەیان کردووە و نە ڤێتێرنەری سنوورەکەش.
سەیدەوان عومەر، پزیشکی ڤێتێرنەری دەڵێت، "ناتوانین لە دوورەوە جۆری نەخۆشییەکە دیاری بکەین، بۆیە داوا دەکەین هەر ئاژەڵدارێک کە نەخۆشییەکە گەیشتە ئاژەڵەکانی، بێ دواکەوتن سەردانی بنکەکانی ڤێتێرنەری بکات. پێویستە لەو ماوەیەدا خاوەنەکانیان شیری ئەو ئاژەڵانە نەخۆن، کە دایان بە ئاژەڵەکانیش بیکوڵێنن و چەورییەکەی لابدەن."
لە سنووری خەلیفان زیاتر لە 200 ئاژەڵدار هەن، مەڕ و بزن پشکی شێری ئاژەڵی ناوچەکە پێکدەهێنن و تائیستا ئاماری دروست لەبارەی ژمارەیانەوە نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ