رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر سێ کەس کوژران کە پۆلیس دەڵێت ئەندامی یەک خێزانن. کەسوکاری قوربانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن رووداوەکە بە شێوەی "خنکاندن و لێدان بە چەقۆ" بووە و هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیشیان نەبووە.
رۆژی دووشەممە 26-01-2026، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە ئەمشەو لە گەڕەکی شۆڕش روویداوە و سێ کەس کوژراون. گوتیشی قوربانییەکان "دوو هاوژین و کوڕێکیانن".
ڤەژین موراد، پەیامنێری رووداو لەبەردەم دادپزیشکیی هەولێر رایگەیاند، ناسنامەی کوژراوەکان ئاشکرا بووە کە پێکهاتوون لە عەبدولڕەحمان عوسمان و زەینەب-ی هاوژینی، لەگەڵ کوڕەکەیان بەناوی دلۆڤان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە نادیارە، بکوژ نەزانراوە کێیە و دەستگیر نەکراوە.
یەکێک لە کەسوکاری کوژراوەکان بە رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و هۆکارەکەی نازانن، رەتیشیکردەوە قوربانییەکان "هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبووبێت".
هەر بە گوێرەی زانیاریی رووداو باوکەکە تەمەنی 60 ساڵ بووە و خانەنشین بووە. دایکەکەش تەمەنی 59 ساڵ بووە و مامۆستا بووە، هەروەها کوڕەکەیان تەمەنی 25 ساڵ بووە و ئەندازیار بووە.
سەبارەت بە چۆنیەتی کوشتنەکە، کەسە نزیکەکەیان دەڵێت: "یەکێکیان بە چەقۆ کوژراوە و ئەوانی دیکەش خنکێندراون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ