رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی خەراب ئەشکی سەر بە کۆبانی، بەهۆی تۆپبارانەوە پێنج ئەندامی یەک خێزان شەهید بوون و شەشی دیکەش بریندار بوون. هاوسەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رێکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش رایگەیاند، دیمەشق ئاگربەستی پێشێل کردووە و درۆنەکانی تورکیاش هاوکاریی سوپای سووریا دەکەن.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەکان و میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، تۆپبارانێکی چڕی گوندەواری دەڤەری جەلەبییە و خەراب ئەشک لە نزیک شاری کۆبانی کراوە. لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا لە گوندی خەراب ئەشک کۆمەڵکوژی روویداوە و پێنج هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە، کە ئەندامی یەک خێزانن.
میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناسنامەی قوربانییەکانی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، ئەو پێنج کەسەی شەهید بوون بریتین لە: "فاتیمە عوسمان، جەمیلە ئەحمەد عوسمان، سۆلاف رەشۆ بۆزان کادرۆ، لەگەڵ دوو منداڵ بەناوەکانی (جەعفەر محەمەد شێخ بۆزان) و (کچێکی منداڵی محەمەد شێخ بۆزان)".
سەبارەت بە بریندارەکانیش ئاماژە بەوە کراوە، شەش کەسی دیکە بریندار بوون کە ناوەکانیان بریتین لە: "شێریهان حاجی مەحموود، فاتیمە حەج مەحموود، مەسعوود شێخ بۆزان، نەسرین مستەفا و محەمەد شێخ بۆزان".
لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بڵاوکراوەتەوە، پیاوێکی بەتەمەن کە ناوی (رەشۆ بۆزان گەدۆ)یە و سەرپەرشتیاری خێزانەکەیە دەڵێت: "بەهۆی هێرشەکەوە خێزانەکەم، بووکەکەم و دوو منداڵی و دایکی بووکەم گیانیان لەدەستداوە".
ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026، جیهاد حەسەن، هاوسەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رێکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە خەراب ئەشک خێزانێک تۆپباران کراوە و سەرجەم ئەندامانی شەهید بوون".
جیهاد حەسەن ئاماژەی بەوە کرد، هێرشکردنە سەر دەوروبەری کۆبانی لەکاتێکدایە کە ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا درێژکراوەتەوە، بەڵام "ئەو ئاگربەستەی باس دەکرێت تەنیا لە میدیاکان هەیە و لەسەر ئەمری واقیع جێبەجێ نەکراوە". گوتیشی: "درۆنەکانی تورکیا هاوکاریی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا دەکەن بۆ هێرشکردن".
هاوکات هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەرهێڵن لەگەڵ تیمە تەندروستییەکانیان، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێت و پەیوەندییەوە کێشەیان بۆ دروست بووە.
جیهاد حەسەن باسی لەوەش کرد، جیا لەو پێنج کەسە، دوێنێ لە گوندی قاسمیەی کۆبانیش منداڵێک بەهۆی تۆپبارانەوە گیانی لە دەست داوە. هەروەها چەکدارانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا دەربازی نێو دوو بۆ سێ گوندی دەوروبەری کۆبانی بوون.
دەربارەی دۆخی مرۆیی شارەکەش، بەرپرسەکەی رۆژئاوای کوردستان هۆشداری دا، کە دۆخەکە بەرەو قەیرانێکی گەورە دەچێت. بەگوتەی جیهاد حەسەن: "ژمارەی ئاوارەکان زۆرە و ناچارن لە قوتابخانە، ئۆتۆمبێل، چۆڵەوانی و شوێنە گشتییەکاندا بمێننەوە. سەرجەم نەخۆشخانەکان گرفتی سووتەمەنییان هەیە، کارەبا و دەرمان نەماون".
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ رێگە بە گەیشتنی بەشێک لە هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان درا بۆ کۆبانی، بەڵام بەگوتەی چالاکڤانان ئەو هاوکارییانە لە ئاستی پێویستدا نین.
لە 6 ـی ئەم مانگەوە و دوای فراوانبوونی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارە بوون و مەترسیی کارەساتی مرۆیی دەکرێت.
سۆران حوسێن و پەیمان محەممەد
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ