'بە چەقۆ' هێرش دەکرێتە سەر غالب محەممەد

26-02-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
غالب محەممەد، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی هیوا
غالب محەممەد، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی هیوا
نیشانەکردن غالب محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە بەردەم ماڵی خۆیان لە سلێمانی، "بە چەقۆ" هێرشکرایە سەر غالب محەممەد، پەرلەمانتاری کورد لە عێراق و بریندارکرا. دوای چارەسەرکردنیشی لە نەخۆشخانە، رەوانەی ماڵەوە کرایەوە.
 
بە گوتەی کەسێکی نزیک لە غالب محەممەد کە بە مەرجی نەهێنانی ناوی قسەی بۆ رووداو کرد، دوای بریندارکردنی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراوە و لەوێشەوە گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار. گوتیشی "تەندروستیی د. غالب باشە و چارەسەر وەردەگرێت". ئەو کەسە ئاماژەی بەوەشکرد، "نازانین ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەری کێن".
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە دوای کاژێر 06:30 خولەک روویداوە. ئەو کەسەی هێرشی کردووە، بەپێی دیمەنەکانی کامێرای چاودێری، کەسێکی گەنجە و چاکەتێکی رەشی لەبەردایە. 

بە گوتەی پەیامنێری رووداو، غالب محەممەد لە نەخۆشخانەی دەرکراوە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە. 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر غالب محەممەدی کرد و رایگەیاند، "سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان راسپێردراون لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە بکەن و هێرشبەران رووبەڕووی یاسا بکەنەوە".

جێگری سەرۆکوەزیران دەشڵێت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەواڵی کاک غالبم پرسی و دڵنیام کردەوە ئەم کارە ترسنۆکانە لە هیچ کەسێک قبووڵ ناکرێت".

وریا محەممەد هاوڕێیەکی د. غالب محەممەدە و بە رووداوی گوت، ئەوە وەکو هەوڵێکی تیرۆرکردن دەبینن. "ئەوەی لە کامێراکانی چاودێری سەیرمان کرد، هێرشەکە بۆ سەر سەری و دەمووچاویەتی... کاتێک د. غالب لە دەرگای سەکنی ئۆتۆمبێلەکەی شت دادەگرێت، ئەو کەسە لێی دەدات". 
 
لەلایەکی دیکەوە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە ھێرشکردنە سەر غالب محەممەد و بریندارکردنی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی "ھەڕەشەی تیرۆرکردنی ئەندامەکانیان لێکراوە" و ھەر سێ سەرۆکایەتیی عێراق و لایەنە ئەمنییەکانیش بۆ ئەم پرسە ئاگادارکراونەتەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکە فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، چەندین جار ھەڕەشەیان لێکراوە و لە ماوەیەکی نزیکی رابردووشدا ھێزە ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ و دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی زانیارییان پێداون بەوەی ھەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامانیان دەدرێت. ئەوانیش ھەر سێ سەرۆکایەتیی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە. 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەداخەوە شەوی ھەینی 26ی شووباتی 2021 ستەمکاران دەستی قێزەونیان گەیاندە دکتۆر غالب محەممەد عەلی و لەبەردەم ماڵەکەیدا بە چەقۆ برینداریان کرد و دوای وەرگرتنی چارەسەری لە نەخۆشخانە، ئێستا دۆخی تەندروستیی بەشێوەیەکی رێژەیی تەندروستیی جێگیرە".  
 
غالب محەممەد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ماوەیەکە هەڕەشەمان لەسەرە لەبەر ئەوەی بەرگریی لە مافی هاووڵاتیان دەکەین.. دڵنیاشبن ئەگەر سەرم دانابێت بەردەوام دەبین". 

غالب محەممەد داوای لە لایەنە ئەمنییەکانیش کرد کە ئەنجامدەری هێرشەکە دەستگیربکەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاهەنگی ئەکیتۆ لە ساڵانی رابردوو لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیڤی رووداو

ئاهەنگەکانی جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی بابلی - ئاشووری هەڵوەشێندرانەوە

بەهۆی بارودۆخی نالەباری ناوچەکە و کاریگەرییەکانی شەڕ، قایمقامی دهۆک گوتی، سەرجەم ئاهەنگ و چالاکییە گشتییەکانی تایبەت بە سەری ساڵی نوێی بابلی - ئاشووری (6776) و جەژنەکانی ئەکیتۆ لە هەموو شوێنێک هەڵوەشاوەتەوە.