رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو. بەشدارێکی کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، دەبێت تەواوی مووچەخۆران هەژماری بانکیی بکەنەوە ئەگەرنا مووچەی مانگی ئاداریان بۆ خەرج ناکرێت.
ئەو بەشداربووەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، بۆ مانگی شوبات بەگوێرەی لیستی مووچە پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و زیاتر دەبێت لە 618 ملیار دینار.
ئەو بەشداربووەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، بۆ مانگی شوبات بەگوێرەی لیستی مووچە پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و زیاتر دەبێت لە 618 ملیار دینار.
لە دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی و بەشدار لە کۆبوونەوەکە بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی گوت، "وەزیری دارایی عێراق جەختی کردەوە، ئەوان بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن."
"لە مانگی ئادارەوە عێراق راستەوخۆ مووچە دەداتە فەرمانبەران"
نەرمین مەعرووف گوتی، بۆ مووچەی ئەم مانگەی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی جێگیر بکات، بۆیە وەزیری دارایی گوتوویەتی، "ئەمڕۆ لیستی مووچە لە هەولێرەوە بۆ بەغدا بنێردرێت، سبەی بە گوێرەی لیستەکە پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن، نەوەکو تەنیا 618 ملیار دینار وەکو خەرجی راستەقینە کە مانگی رابردوو جێبەجێکرا."
ئەو ئەندامە کوردەی لیژنەی دارایی جەختیکردەوە، وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی، تەنیا بۆ مانگی شوبات بە لیست پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن و لە مانگی ئادارەوە خۆیان لە رێگەی بانکە فەرمییەکانی عێراقەوە دەیخەنە سەر هەژماری بانکیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی قسەکانی نەرمین مەعرووف، دەبێت تاوەکو مانگی ئادار تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەژماری بانکیی بکەنەوە. گوتیشی، "وەزیری دارایی دەڵێت، بەگوێرەی دادگەی فیدراڵی دەبێت هەژمارەکان لە لقە سەرەکییەکانی بانکەکانی رافیدەین، رەشید و تی بی ئای بن."
لە کوێ هەژمار بکرێتەوە و مووچە وەربگیرێت؟
بە گوێرەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بێت، کە نەرمین مەعرووف تێیدا بەشدار بووە و باسی دەکات، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت لەو شارانەی ئەو بانکانەی عێراقی تێدان هەژماری بانکیی بکەنەوە. بۆ نموونە؛ بچنە لقەکانی بەغدا، یان هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق یان هەرێمی کوردستان، کە ئەو بانکانەی تێدان، "بەڵام دواتر دەتوانن داوا بکەن مووچەکەیان لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن، بۆ ئەوەش بانکە عێراقییەکە راستەوخۆ رەوانەی دەکات بۆ سەر بانکێکی کوردستان بۆیان."
"وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، تەنیا بۆ مانگی شوبات هەر وەزارەتێکی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ئامادەبێت و بۆیان بنێرێت ئەوان پارەی بۆ دەنێرن و مەرج نییە تەواوی وەزارەتەکان پێکەوە لیست بنێرن، بەڵام لە مانگی ئادارەوە تەنیا بە هەژماری بانکیی مووچەخۆران پارە خەرج دەکەن." بەپێی گوتەی نەرمین مەعرووف.
خەلیل دۆسکی: هەرێمی کوردستان دەتوانێت مووچە هاوتای مووچەی عێراق بکات
هەروەها د.خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و یەکێکی دیکە لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەوەی تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی هەموو مانگێک شایستە داراییەکان خەرج دەکرێن، بەتایبەت مووچەی فەرمانبەران، مووچەی خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی."
خەلیل دۆسکی گوتی، پێویستە هەرێمی کوردستان لیستی مووچە و زانیارییە تایبەتەکانی تایبەت بە مووچە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر نەینێرێت، "وەزارەتی دارایی عێراق هیچ پارەیەک بۆ مووچەی مانگی شوبات نانێرێت."
لەبارەی هاوتاکردنی بڕی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، خەلیل دۆسکی گوتی، هاوتاکردنی مووچە "گرێدراوە" بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و دەتوانن هاوتای بکەن، بەومەرجەی لە 12.67%پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە تێنەپەڕێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی داراییش جەختیکردەوە، بۆ مووچەی مانگی ئادار دەبێت ئەلیکترۆنی بێت و مووچەخۆران هەژمار لە بانکەکانی (رافیدەین، رەشید و تی بی ئای) بکەنەوە، بەپێچەوانە پارەیان بۆ خەرج ناکرێت.
پێشووتر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رەتیانکردووەتەوە کە بەغدا راستەوخۆ مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، ئەوەیان بە هەوڵێک بۆ بچووکردنەوەی قەواری دەستووریی هەرێمی کوردستان پێناسە کردووە.
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە مووچە
21ـی شوباتی 2024، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، پابەندن بەوەی مووچەی کارمەندەکانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و لایەنە گرێنەدراوەکان بە وەزارەتەکان و سەرجەم کارمەندانی دیکە، خانەنشینان، سوومەندبووانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە بانکە فیدراڵییەکاندا بە نیشتمانی بکەن کە لە دەرەوەی هەرێم[ـی کوردستان] کاردەکەن. پشکی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتوو بەپێی یاسای بودجە بدرێت."
دادگەی فیدراڵی مەرجێکی بۆ هەرێمی کوردستان دانا و رایگەیاند، "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە پابەندە بەوەی سەرجەم داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵی، گەنجینەی دەوڵەت بکات، بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی فیدراڵی، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێم[ـی کوردستان] وردبینی لە داتا و زانیارییەکان دەکات کە پەیوەستن بەم داهاتانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ