رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق یاسای پاسپۆرت هەموار دەکاتەوە بە شێوەیەک پێدانى پاسپۆرتى دیپلۆماسی بە بەڕێوەبەرانى 18 پۆست بە یاسایی دەکات کە چەندین پۆستى باڵاى هەرێمى کوردستانى تێدایە. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراقیش دەڵێت، رەنگە خێزانی ئەو کەسانە پاسپۆرتیان پێ نەدرێت.
بەگوێرەى هەموارى یاساى پاسپۆرتى عێراق کە ئێستا لە پەرلەمانى عێراقە، مادەیەک بۆ یاساکە زیاد دەکرێت و تێیدا ئەو کەسانە دیاری دەکرێت کە پاسپۆرتى دیپلۆماسییان پێ دەدرێت.
هەریەک لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و جێگرانى و وەزیرەکانى حکومەت، ئەوانەش کە پلەى وەزیریان هەیە لە هەرێمى کوردستان پێدانى ئەو جۆرە پاسپۆرتە دەیانگرێتەوە.
پێشتر تەنیا رێنوێنییەک هەبووە بۆ پێدانى ئەو جۆرە پاسپۆرتە. سەگڤان سندی، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،
ئەو پۆستانە بۆ "یەکەم جارە" بۆ یاساکە زیاد دەکرێت و، پێشتر تەنیا لەلایەن وەزارەتى دەرەوە پاسپۆرتى دیپلۆماسی دەدرا.
بە گوتەی سەگڤان سندی، "ئەو پاسپۆرتە دیپلۆماسییانە بەشێوەیەکى کاتى بەو کەسانە نادرێت و تاهەتاییە."
ئەو پۆستانەى دیکە کە بەڕێوەبەرانیان و خێزانەکانیان پاسپۆرتى دیپلۆماسی وەردەگرن، بریتین لە سەرۆککۆمار، جێگرانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و جێگرانى، ئەندامانى پەرلەمانى عێراق و سەرۆک و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان، ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکى دیوانى پەرلەمان، راوێژکارانى سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت و پەرلەمان، فەرمانبەرانى کەرتى دیپلۆماسیی عێراق.
پێشتر لە ساڵى 2011 حکومەتى فیدراڵى رێنوێنییەکی دەرکردووە لەبارەى ئەو کەسانەى کە پاسپۆرتى دیپلۆماسییان پێ دەدرێت، کە بەشێک لەو کەسانەى گرتووەتەوە کە ئێستا بۆ هەموارى یاساى پاسپۆرتى عێراق زیادکراوە.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، تێبینى لەسەر ئەوە هەیە کە پاسپۆرتى دیپلۆماسی بدرێتە خێزانى سەرجەم ئەو کەسانەى کە ئەو پۆستانە بەڕێوەدەبەن، بۆیە ئەگەر هەیە لە پڕۆژە یاساکەدا لابدرێت.
پاسپۆرتى دیپلۆماسی بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆى ئەو بەرپرسانەیە لە گەشتەکانیان بۆ دەرەوەى وڵات وەک عورفێکى دیپلۆماسیی نێوان وڵاتان.
بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە، ئەو کەسانەى کە لە دواى 9ـی نیسانى 2003 هەردوو پۆستى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و سەرۆککۆمارى عێراقیان بەدەستەوە بووە و خانەشنین کراون، لەگەڵ هاوژینەکانیان پاسپۆرتە دیپلۆماسییەکانیان لەلا دەمێنێتەوە و ئەو منداڵانەشیان کە لەژێر سەرپەرشتیاندان و ئەو جۆرە پاسپۆرتەیان نییە، پێیان دەدرێت.
بڕگەیەکى دیکەى هەموارەکە ئەوەیە دەسەڵات بە وەزیرى دەرەوە دراوە کە بەگوێرەى رێکارەکان، پاسپۆرتى دیپلۆماسی بداتە ئەو کەسانەى کە سرووشتى کارەکەیان یان بەرژەوەندیی گشتى ئەوە دەخوازێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ