رووداو دیجیتاڵ
لەنێو فەرمانگەی باری شارستانیی ناحیەی گردەسێن لە قەزای ئاکرێ، ژنێک بە چەند گولـلەیەک پیاوێکی بریندارکرد. سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، "تەقەکەر پێشتر باوکی لەلایەن ئامۆزای بریندارەکەوە کوژراوە".
رووداوەکە نزیک کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە ناحیەی گردەسێن لە سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک روویدا. سەرچاوەیەکی کارگێڕی لە سنوورەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکارەکە شەڕێکی کۆنی نێوان دوو بنەماڵەکەیە".
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، "باوکی ئەو ژنەی ئەمڕۆ تەقەی کردووە، پێشتر لەلایەن ئامۆزایەکییەوە کوژراوە و ئەویش ئەمڕۆ وەکو تۆڵەسەندنەوە ئەو کەسەی بریندار کردووە".
موقەدەم هەڤاڵ سەلیم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی باری شارستانی ناحیەی گردسێن ئامادە نەبوو زانیاری لەبارەی رووداوەکە بخاتەڕوو و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە دەکەن".
هەروەها نێچیرڤان هەرکی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە رووداوی گوت، ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوێک و ئەمبیوڵانسیان ناردووەتە شوێنەکە، دەرکەوت کەسێک چوار گوللـەی بەرکەوتووە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەک کراوە لە هەولێر.
ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تۆمەتبار لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی بووە و دوای رووداوەکە هەڵاتوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ