رووداو دیجیتاڵ
دەم پارتی رایگەیاند، ئەگەر هیچ ئاستەنگێک دروست نەبێت، سبەی لە رێگە شاشەی گەورەوە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڵاودەکرێتەوە، بۆیە داوا لە دانیشتووانی ئامەد و وان دەکات، لە سەنتەری شارەکانیان کۆببنەوە و سەیری پەیامەکە بکەن.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی سبەی (پێنجشەممە) بۆ جاری سێیەم سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت شاندی ئیمراڵی بانگەوازی رێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ خۆیان بهێننەوە.
بەپێی دەم پارتی، شاندەکە پێکدێت لە؛ سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبووڵ، زانیاری لەبارەی بانگەوازەکەی دەم پارتی دەدات:
وەک دەم پارتی دەڵێ، لەدوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، شاندەکە کاژێر 16:00ـی ئێوارە لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکە سازدەکات.
دەم پارتی بانگەوازێکی بە ناونیشانی "بە کۆمەڵ پێشوازی لە بانگەوازی سەدە دەکەین" بڵاوکردەوە و، داوا لە خەڵک دەکات سبەی لە گۆڕەپانەکان ئامادە بن.
رێکخستنەکانی دەم پارتی لە وان بڵاویان کردووەتەوە "بۆ ئەوەی بەیەکەوە پێشوازی لە بانگەوازی ئاشتیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەین، هەموو خەڵکی وان بانگهێشت دەکەین بۆ مەیدانی شار."
دەم پارتی لە ئامەدیش رایگەیاند، لە شاشە گەورەکانی کە لە مەیدانی شێخ سەعید لە ناوچەی سوور دادەنرێن، پەیامەکە پەخش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ