رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی سەرکارێزی هەولێر، لەنێو خانوویەکی تەواونەکراودا، خێزانێکی شەش کەسی لەوپەڕی هەژاریدا دەژین. بێکارەبایی، نەخۆشی و قەرزێکی زۆر، ژیانی تاڵ کردوون و بۆ خواردنی رۆژانەیان، دراوسێ و خێرخواز نەبێت، هیچیان نییە بیخۆن.
ئاڤان خوسرەو، دایکی چوار منداڵە و تەمەنی 28 ساڵە. ئەو بەهۆی نەخۆشییەوە نەشتەرگەریی کردووە، بەڵام بە قەرز. ئاڤان، لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "بۆ نەشتەرگەریی خۆم و کوڕەکەم، قەرزمان کردووە و تاوەکو ئێستا 2 ملیۆن و نیو قەرزارین".
ئەو خێزانە ژیانیان ئەوەندە سەختە کە تەنانەت پارەی پێویستیان نییە بۆ دابینکردنی خۆراکی رۆژانە. ئاڤان بە گریانەوە باسی دۆخی خۆی دەکات و دەڵێت: "هیچ خۆراک و رایەخێک لە ماڵم نییە، دراوسێکان هەر رۆژە و یەکێکیان چێشتمان بۆ دەهێنن. رۆژێک خواردنیان بۆ نەهێناین، تەنیا ئاومان خواردەوە".
دۆخی ئەم خێزانە تەنیا بە هەژاری کۆتایی نایەت. منداڵە گەورەکەیان، خۆزگەی حەوت ساڵان، بەهۆی نەبوونی کارتی نیشتمانییەوە لە خوێندن بێبەش بووە. کوڕە سێ ساڵانەکەشیان، ئەیووب، پێویستی بە نەشتەرگەرییە، بەڵام بەهۆی نەبوونییەوە نەیانتوانیوە بیبەنە لای پزیشک.
عەلی بورهان، هاوژینی ئاڤانە. ئەو بۆ ماوەی 10 ساڵ پێشمەرگەی خۆبەخش بووە، بەڵام دوای ئەوەی ناوی وەک 'پێشمەرگەی فەرمی' تۆمار نەکراوە، وازی هێناوە. ئێستا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی، رۆژانە ئاسن و کارتۆن کۆدەکاتەوە و داهاتەکەی لە 8 هەزار دینار تێپەڕ ناکات.
عەلی، لە بەرپرسیاری رەمەزان گوتی: "هیچ شتێک لە ماڵەکەم نییە، هەرچەند دەکەم پێی راناگەم. پێم عەیبە داوای هاوکاری لە برام بکەم کە حاڵی لە من باشترە".
سەختیی ژیان وای لەم خێزانە کردووە کە نەتوانن پارەی کارەبا بدەن، بۆیە ماوەی سێ رۆژە کارەبایان لەسەر بڕاوە. ئاڤان دەڵێت: "شەوی رابردوو مۆبایلەکەم کوژایەوە، منداڵەکانم لە ترسی تاریکی دەگریان".
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چیرۆکی ئەم خێزانە لە بەرنامەی "بەرپرسیاری رەمەزان"ی رووداو، دەستی هاوکارییان بۆ درێژ کرا. خێرخوازێک بەناوی فایەق زێڕەنگر، کرێی ساڵێکی خانووی بۆ دابین کردن و بەڵێنی پێدانی کەلوپەلی ناوماڵیشی دا. هاوکات، چەندین خێرخوازی دیکەش بڕیاریان دا هاوکاریی دارایی و خۆراکیان پێشکێش بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لەو ژیانە سەختە رزگاریان بکەن و هیوایەک بۆ داهاتوویان بگەڕێننەوە.
ئاڤان گوتی، لەبەر جرج و مار لە خانوویێکی کۆن ماڵی گواستووەتەوە، ئێستاش هەر لەبەر جرج بەفرگری کردووەتە شوێنی دانانی قاپەکانی."دوو منداڵم شیر و دایبی رۆژانەیان پێویستە. شیر نییە و قەنداویان پێدەدەم؛ نایخۆن."
ئەو خێزانە مانگانە 140 هەزار دینار کرێی خانووە تەواونەکراوەکە دەدەن. داواکارن لە خێرخوازان هاوکاربن لە دانەوەی قەرزەکانیان و لە کرێچیێتی رزگاریان ببێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ