کەشناسی: پلەی گەرما دادەبەزێت و دوو رۆژ باران دەبارێ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بارانەکە ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، لەو ناوچانەی هەزار مەتر لە رووی دەریاوە بەرزن، بەفر ببارێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرەتا نمەباران لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ دەبارێت، پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە و نمەباران و بارانی مامناوەند لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران دەبارێت؛ شەو رێژەی بارین زیاد دەکات و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێ".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان "کەمێک" بەفر دەبارێ. راشیگەیاندووە: "پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمار کراوەکانی دوێنێ".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسی رایگەیاندووە: "نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕ پچڕی لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت؛ لە ناوچە سنووریەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێ".
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشوهەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلەکە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەستپێدەکات. سەرەتا بە لاوازی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات و تاوەکو سبەی دەگاتە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و سۆران و دەوروبەریان".
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە: "ئەو ناوچانەی هەزار بۆ 1200 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزن ئەگەری بەفربارینیان هەیە".
 
محەممەد کەمال پێشبینی کرد، شەپۆلەکە بەرەبەیانی شەممە کۆتایی بێت. گوتیشی: "لەم شەپۆلەدا پێشبینی دەکرێت لە هەولێر 9 بۆ 13 مللیمەتر باران ببارێ، لە دهۆک 10 بۆ 15 مللیمەتر، سلێمانی 5 بۆ 7 مللیمەتر، کەرکووک 6 بۆ 7 مللیمەتر، هەڵەبجە 2 بۆ 4 مللیمەتر، سۆران 20 بۆ 25 مللیمەتر، راپەڕین 17 بۆ 22 مللیمەتر، گەرمیان 1 بۆ 4 مللیمەتر باران ببارێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما 4 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزێ و لە ناوچە شاخاوییەکان 6 بۆ 7 پلە دادەبەزێت.
 
پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ بەیانی:
 
هەولێر: 12 پلەی سیلیزی 
پیرمام: 8 پلەی سیلیزی
سۆران: 7 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران: 0 پلەی سیلیزی 
سلێمانی: 10  پلەی سیلیزی 
چەمچەماڵ: 12 پلەی سیلیزی
دهۆک: 10 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 12 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە: 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 16 پلەی سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە