رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زۆربەی پاڵاوگە نایاساییەکان بەهۆی نەبوونی نەوتی خاوەوە لەکارکردن وەستاون. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێریش دەڵێت، رێکارەکانیان وایانکردووە، رێژەی پسیی هەوا زیاتر لە 100% کەم ببێتەوە.
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 153 پاڵاوگەی نایاسایی هەن، 139 لە هەولێر و 14 لە دهۆک".
سەبارەت بە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش گوتی: "پاڵاوگەی نایاسایی نییە، بەڵام گۆڕەپانی گواستنەوەی سووتەمەنی هەیە و ئەویش کاریگەریی نەرێنی بۆ ژینگە هەیە".
د. سەنعان گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی خاو ناداتە پاڵاوگە نایاساییەکان، هەروەها لە بازاڕیشدا نەوتیان دەستناکەوێ و ئەوەش بووە بە هۆکاری ئەوەی زۆربەیان لە کار بوەستن، بەمەش پیسیی هەوا لە شارەکان کەم دەبێتەوە و کاریگەریی ئەرێنی بۆ ژینگە دەبێت".
ژینگەی هەولێر: پێوانەی پیسیی هەوا لە 176 پلەوە دابەزیوە بۆ 56 پلە
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پاڵاوگە نایاساییەکان داخراون، ئەوانەشی ماون کارناکەن، بۆیە کاریگەریی ئەرێنییان بۆ هەوای سنوورەکەمان هەبووە".
هیرانی گوتی: "پڕۆژەی رووناکی و کوژاندنەوەی هەزاران موەلیدەش هۆکار بوون بۆ باشتربوونی هەوای هەولێر، چونکە جگە لە پیسیی هەوا، موەلیدەکان خاک و ژێرزەویشیان پیس دەکرد".
یەکێکی دیکە لە رێکارەکان بۆ باشکردنی ژینگەی هەولێر، "ناچارکردنی" خاوەن کارگە و چێشتخانەکان بووە بە دانانی فلیتەری دووکەڵ. بەڕێوەبەری ژینگە گوتی: "لەگەڵ رێکارەکاندا رێژەی سەوزاییش زیادکراوە بۆ نزیکەی 22%".
دڵشاد هیرانی گوتی: "ناتوانین بڵێین بە تەواوی دووکەڵ و بۆن لە هەولێر کۆتایی هاتووە، چونکە هێشتا هەندێک کەس بە سووتانی تایە ژینگەی شارەکە پیس دەکەن، دووکەڵی هەر تایەیەک زیاترە لە دووکەڵی کارگەیەک و زیانی گەورەی بۆ ژینگە دەبێت".
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، هەفتەی رابردوو هەشت کەسیان بە تۆمەتی تێکدانی ژینگە و سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل داوەتە دادگە. ئاماژەی بەوەشکرد: "کڕیارانی ئاسن ئاگادار کراونەتەوە، سیمی تایەی ئۆتۆمبێل بکڕن، سزای دارایی دەدرێن".
بە گوتەی دڵشاد هیرانی، شوباتی ئەم ساڵ بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو هەوای هەولێر خاوێنتر بووەتەوە و گوتی: "ساڵانی پێشووتر رێژەی پیسیی هەوا لە هەولێر دەگەیشتە 176 پلە، ئێستا دابەزیوە بۆ تەنیا 56 پلە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ