رێکخراوێکی خۆبەخش کتێبخانە بۆ قوتابخانە دوورەدەستەکانی هەولێر دروستدەکات

26-03-2022
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
رێکخراوێکی خۆبەخش کتێبخانە بۆ قوتابخانە دوورەدەستەکانی هەولێر دروستدەکات
رێکخراوێکی خۆبەخش کتێبخانە بۆ قوتابخانە دوورەدەستەکانی هەولێر دروستدەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی زبارە لە هەولێر خۆبەخشانە کتێبخانە بۆ قوتابخانە دوورەدەستەکانی سنووری پارێزگاکە دابیندەکات. رێکخراوەکە لە 17 گەنجی خۆبەخش پێکهاتووە و تاوەکو ئێستا 7 کتێبخانەیان بۆ قوتابخانەی گوندەکانی دەوروبەری هەولێر دروستکردووە.
 
سوهەیل محەممەد، تەمەنی 17 ساڵە و لە پۆلی 10ـی زانستی دواناوەندی شاخۆڵانی تێکەڵاو دەخوێنێت، هەرچەند قوتابخانەکەیان حکومییە و لە ناوچەیەکی دەوروبەری هەولێرە، بەڵام ماوەیەکە چەند ئەو رێکخراوە خۆبەخشە کتێبخانەیەکیان بۆ داناون، سوهەیل و چەند قوتابییەکی دیکە بەردەوام خەریکی خوێندنەوەن. 
 
سوهەیل محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوای بردنی چەند کتێبێک بۆ ماڵەوە، زیاتر حەزم چووەتە خوێندنەوەی کتێب و وشە جوانەکانی نێو کتێبەکان دەردەهێنین."
 
ئەو گرووپە خۆبەخشە بە گیانێکی خۆبەخشانە نزیک سێ ساڵە خەریکی ئەو بیرۆکەیەن، رێگەپێدانیان لە وەزارەتی پەروەردە وەرگرتووە، ماوە ماوە قوتابخانەیەک دەستنیشان دەکەن و بە هاوکاریی ستافی قوتابخانەکە ژوورێکی شیاو بۆ کتێبخانە دیاریدەکەن. دواتر کتێبخانەکە دێنن و زیاد لە 100 کتێبی هەمەجۆری پەروەردەیی بۆ دەبەن کە کاریگەریی لەسەر لایەنی رۆشنبیریی قوتابییان دەبێت. لیژنەیەکی پەروەردەش هەڵسەنگاندن بۆ کتێبەکان دەکات. 
 
رۆژین، ئەندامێکی رێکخراوەکەیە و باس لەوە دەکات، "ئێمە لە رێکخراوی زبارە ناوەکەشمان هەر لەکۆنەوە بەوە هاتووە کە بە کۆمەڵ ئیش دەکەین، ئەوە حەوتەمین چالاکییە، نزیکەی 250 بۆ 300 کتێبمان دابەشکردووە تاوەکو ئێستا، بەگوێرەی رێژەی قوتابیان و قوتابخانەکانە." 
 
رێکخراوی زبارە کتێبخانەیەکیان بە 180 کتێبەوە پێشکێش بە قوتابخانەی حاجی کالۆی بنەڕەتی کرد لە گوندی حاجی کالۆ. بەڕێوەبەری قوتابخانەی حاجی کالۆی بنەڕەتی باسی لەوە کرد، "بوونی پەرتووکخانە لە گوندەکان بە تایبەت، بەڕاستی کاریگەریی هەیە و ئاستی قوتابیان بەرەو پێشەوە دەبات."
 
لە بنەڕەتدا لە وەزارەتی پەروەردە دانراوە کە  ٪15 داهاتی فرۆشگەی هەر قوتابخانەیەک دەبێت تەرخان بکرێت بۆ دابینکردنی کتێب بۆ کتێبخانەی قوتابخانە، بەڵام بەرپرسی کتێبخانە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر پێیوایە ئەوە لە زۆربەی قوتابخانەکان پشتگوێخراوە. 
 
رێدار سابیر، بەرپرسی کتێبخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە هاوکارییان دەکەین، هەستدەکەین کە ئەو رێکخراوەش خەریکن و لە هەنگاوی یەکەمن و تەکانێکی باشیان ناوە، خۆزگەی ئەوە دەخوازین کە فراوانتر و زیاتر کار بکەن."
 
رێکخراوی زبارە کتێبەکان بۆ هەر قوتابخانەیەک لەڕێگەی راگەیاندنی کەمپەینی کتێب بەخشینەوە لە پێگەکانی خۆیان لە سۆشیاڵمیدیا کۆدەکەنەوە و دەشڵێن، هەندێک جار کە ژمارەیەکی باشی کتێبیان دەستناکەوێت، لەسەر گیرفان و ئەرکی خۆیان کتێب دەکڕن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە