خولی فێربوونی کاری دەستی بۆ دەرچووانی بەشەکانی گەشتیاری و هونەرەجوانەکان دەکرێتەوە

26-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، خولی فێربوون بۆ کارە دەستییەکان لە بواری بەرهەمە گەشتیارییەکان دەکەنەوە. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، دوای خولەکە هاوکاریی بەشداران دەکەن بۆ دەستکەوتنی هەلی کار لە شوێنە گەشتیارییەکان.
 
خولەکەی دەستەی گەشتوگوزاری بە هاوئاهەنگیی رێکخراوی UNDP و رێکخراوی USAID دەکرێتەوە، تێیدا فێرخوازان فێری کاری دەستی دەکرێن، لە نموونەی رستن و چنین، دروستکردنی مافوور، ئەو بەرهەمانەی بە گەچ یان دار دروست دەکرێن، کەرەستەی جوانکاریی ژنان و کەرەستەکانی نێو ماڵ.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 26-03-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامانجیان پێگەیاندنی دەستی کاری نێوخۆیە بۆ بەرهەمە دەستییەکان، کە ئێستا ئەو بەرهەمانە لە چین و دەوروبەرەوە هاوردە دەکرێن.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەشڵێت، "بۆ نموونە قەڵای هەولێر یان مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی بە کاری دەستی کراون و لە چینەوە هاوردە دەکرێن. ئێمە دەمانەوێت لەمەودوا ئەوانە بە دەستی نێوخۆ دروستبکرێن."
 
خولەکە بۆ دەرچووانی بەشەکانی گەشتوگوزار و هونەرە جوانەکانە و پێنج رۆژ دەخایێنێت. دوایین کات بۆ پێشکێشکردنی داواکاری 31ی ئەم مانگەیە.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، تێچووی هاتووچۆ بۆ بەشداران دابین دەکەن و دوای خولەکەش ئاسانکاری بۆ بەشداربووان دەکەن تاوەکو لە شوێنێکی گەشتیاری کار بکەن و بەرهەمەکانیان بە بازاڕ بکەن.
 
لە کۆتایی خولەکەدا پێشانگەیەکی کارە دەستییەکان بۆ بەشداربووان دەکرێتەوە و بڕوانامەیان پێدەدرێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار، دوای خولەکە ناوی بەشداربووان لە دەستەکەیان تۆمار دەکەن بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامییان لە کارە دەستییەکان.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەشکرد، خولەکە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەلار، رانیە، زاخۆ و سۆران دەکرێتەوە.
 
ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لە خولەکەدا بکەن، دەتوانن لەم بەستەرەوە فۆڕمی بەشداربوون پڕبکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.