رووداو دیجیتاڵ
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەو جۆرە هێرشانە ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات "ده‌خه‌نه مه‌ترسييه‌وه". داواش لە لایەنە په‌يوه‌نديداره‌كانى حكومه‌تى عێراق دەکات، ئه‌ركى خۆيان بۆ رێگرى له‌و په‌لامارانه بگێڕن.
ئەمڕۆ هەینی، نێچيرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، "ئه‌م هێرشانه ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات ده‌خه‌نه مه‌ترسييه‌وه و لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى حكومه‌تى عێراقى فيدراڵ پێويسته ئه‌ركى خۆيان بۆ رێگرى له‌و هێرش و په‌لامارانه و دۆزينه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى له هه‌ر لايه‌نێك بن، بگێڕن و به سزاى ياسايى بگه‌يه‌نرێن".
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆردا چوار کارمەندی یەمەنی کوژراون.
هەروەها بە گوتەی رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بۆ رووداو، "هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە و کاژێر 06:45 خولەکی ئەم ئێوارەیە کراوە، سەرچاوەی درۆنەکە نادیارە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "زۆر به تووندى سه‌ركۆنه‌ى هێرشى درۆنيى ئه‌م ئێواره‌يه‌ى سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر له سنوورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ له پارێزگاى سلێمانى ده‌كه‌م كه به‌داخه‌وه شه‌هيد و بريندارى لێكه‌وتووه‌ته‌وه و بووه‌ته هۆى پچڕان و كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با و له‌كاروه‌ستانى وێستگه‌كه".
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ