رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆرەوە رایگەیاند، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە بە شێوەیەکی جیدی لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و دڵنیایی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، "بەپێی زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەکی نزیک لەنێو خاکی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن".
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 26-4-2024، لە رێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگەی سلێمانی؛ تاوەکو ئێستا جگە لە زیانە مادییەکان، چوار هاووڵاتی بیانی کوژراون و دووانی دیکەش بریندار بوون.
مەسرور بارزانی هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم. وەزارەتی تەندروستیم راسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "چاوەڕوانی رێکاری خێرا دەکەین لە بەغدا بۆ ئەوەی رێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە. دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارییە نایاساییانە بکات کە زیان بە هەموومان دەگەیێنن".
هەروەها جەخت دەکاتەوە، "هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی وزە کە کارەبا دەدەنە ملیۆنان ماڵ لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. هەروەها هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ پەرەپێدانی سێکتەری وزە تێکدەدات. ئەم هێرشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و بە تاوانی جەنگ دادەنرێن. ئامادەین لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکەین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت".
بە گوتەی رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بۆ رووداو، "هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە و کاژێر 06:45 خولەکی ئەم ئێوارەیە کراوە، سەرچاوەی درۆنەکە نادیارە".
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ