رووداو دیجیتاڵ
دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان کرایەوە. ئاراستەیەکی گۆڕان هەوڵی چوونی تەواوی ئەندامان دەدات و ئاراستەکەی دیکەی نایەوێت ئەمڕۆ کۆنفرانس بەڕێوەبچێت.
بەرپرسێک لە ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کاژێر 07:00ی بەیانییەوە کۆمیسیۆن دەرگای چوونە ژوورەوەی بۆ کۆنفرانسی گۆڕان کردووەتەوە و تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ کراوە دەبێت."
کۆنفرانسی ئەمڕۆی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیارە لە هۆڵی ئاشتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.
کۆنفرانسی گۆڕان لە کاتێکدا بڕیاری بەڕێوەچوونی دراوە، حیزبەکە دوو ئاراستەیە؛ ئاراستەی گەڕەکی کوردسات و ئاراستەی گردی زەرگەتە. ئەمڕۆ ئاراستەی دووەم نایەوێت بەشداریی کۆنفرانسەکە بکات و ئاراستەی کوردساتیش رژدە لەسەر بەڕێوەچوونی کۆنفرانس.
لە نووسراوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا 26ی نیسان بۆ کۆنفرانسی گۆڕان دیاریکراوە بەبێ ناوهێنانی هیچ ئاراستەیەک؛ هەروەها کۆمیسیۆن بزووتنەوەکەی ناچار کردووە، تەنیا ئەو کەسانە بەشداری بکەن کە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی حیزبەکە و بەر لە کێشە نێوخۆییەکانیان لە ساڵی 2017 تۆمارکراون.
ئەو کەسانەی ناویان لە ساڵی 2017 تۆمار کراوە زیاترن لە 2100 ئەندام؛ ئێستا هەر بەشەو لە ئاراستەیەکن، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.
بەرپرسەکەی گۆڕان لە ئاراستەی کوردسات گوتی، "داواکارین هەموو ئەوانەی ناویان هەیە بەشداری بکەن، گلەیی، رەخنە و هەر بابەتێکی دیکەیان هەیە دەتوانن لە کۆنفرانس بیخەنەڕوو."
ئاراستەی گردی زەرگەتە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی کۆنفرانس یاسایی بێت، دەبێت ئەمڕۆ هەزار و 64 ئەندام ئامادەبن.
نزار مهحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاراستەی گردی زەرگەتە دوێنێ بە رووداوی گوت: "بەو پەلەپەلەی کراوە بۆ بەستنی کۆنفرانس، سبەی رەنگە رێژەی یاسایی بەشدارانی کۆنفرانسەکە تەواو نەبێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لیژنەیەک لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی کۆنفرانسەکە چوونەتە شاری سلێمانی.
کۆمیسیۆن دەڵێت، دەبێت 50+1ـی ئەو کەسانە ئامادەبن کە ناویان لەنێو بزووتنەوەکەدا تۆمارکراوە. بەرپرسەکەی گۆڕان لە کوردسات گوتی، "ئەگەر ئەمڕۆش نیوە کۆ یەکی کۆی ئەندامان ئامادە نەبێت، دانیشتنەکە دەخرێتە سبەی و ئەو کاتە بە دەنگی 50 کۆ یەکی ئەوانەی ئامادەن کۆنفرانس بەڕێوەدەچێت."
5ی ئەم مانگە، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە."
دوێنێ ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بە بریارێکى کۆمیسیۆن، سبەینێ بۆ کۆنفرانسێکى نوێ دانراوە کە لە رووى یاساییەوە تاوەکو وەڵامى کۆنفرانسەکەی پێشوومان {لە 05ـی نیسان} وەرنەگرینەوە، کۆنفرانسى 26ى 4ى 2025 خەوشى یاسایی لەسەرە و لەم رووەوە دڵنیاین سبەینێ رێژەی یاسایی تەواو نابێت."
ئەو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند، "پابەندى خۆمان بە هەمو رێکارێکى یاسایی رادەگەیەنین. بە راى گشتیش رادەگەیەنین، بەپێى یاسا دەبێت 1064 کەس لە ئەندامانى دەستەى گشتى بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادەبن. بۆیە بەرپرسیارێتى یاسایی سەبارەت بە رێژەى یاسایی دەخەینە ئەستۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەبێت خۆی دوور بگرێ لە هەر دەستوەردانێکی نایاسایی."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ هەرکەس بەشداری بکات لە کۆنفرانسی گۆڕان، دەبێت کارتی نیشتمانی یان پاسپۆرتی پێبێت و پیشانی کۆمیسیۆنی بدات و بیسەلمێنێت کە ناوی لە لیستی ناوی ئەندامانی ساڵی 2017ـی گۆڕاندا تۆمار کراوە.
ئاراستەی کوردساتى بزووتنەوەکە رایگەیاندووە، بە نووسراوی ژمارەی 875 کە لە 27-03-2025 دەرچووە، ئاگادارکرابوونەوە کە 10ـی نیسان کۆنفرانس ببەستن و دواتر دواخراوە بۆ ئەمڕۆ 26ـی نیسان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ