رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، پێشنیازمان کردووە دوای ئەوەی کامێرای تیژڕۆیی کەوتنەکار، تاسە لە هەندێک شوێن هەڵدەگرین و لە هەندێک شوێنی پێویستیش زیادی دەکەین.
رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، عەمید ئاسۆ محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەندێک یوتێرن و تاسە هەن کە دەبنە هۆی رووداوی هاتووچۆ و قەرەباڵخی، بۆیە بە پێویستمان زانی پلانێکی نوێ بۆ شەقامەکانی هێڵی خێرا و گەڕەکەکان دابنێین، بۆ سەلامەتی گیانی شۆفێران و هاووڵاتییان."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، لە زۆربەی شەقام و گەڕەکەکانی سلێمانی هەندێک تاسە دانراون کە شوێنەکانیان هەڵەیە، هەندێک شوێنیش هەن پێویستیان بە تاسەیە و دروستیان دەکەن.
لەبارەی کامێرای تیژڕۆییەوە، عەمید ئاسۆ محەممەد گوتی، لە رێگە خێراکان وەکو شەقامی پێشمەرگە و رێگەی تاسڵوجە بۆ سلێمانی، کامێرای تۆمارکردنی خێرایی دادەنێین کە ئێستا لەژێر چاودێریدان و ماوەیەکی دیکە دەکەونە کار، ئەو کات پێویست بە تاسە ناکات و لادەدرێن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی، کۆمەڵێک رێکار هەن، ئەوان جێبەجێیان دەکەن و دواتر کار لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 کامێرای جێگیری تۆمارکردنی تیژڕۆیی لەناو شاری سلێمانی کەوتوونەتەکار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ