رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسی "یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی"، هەنگاوێکی دیکەی گەورەی لە خەباتی کورد زیاد کرد. بە سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب، کۆنفرانسە نەتەوەییەکە لایەنە کوردستانییەکانی لە ژێر یەک بنمیچدا کۆکردەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە بەردێک لە بناخەی داهاتووی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریای نوێدا دابنێن.
جل و زمانی کوردی و ئاڵاکانی کوردستان و لایەنە کوردستانییەکان، مۆرکی کۆنفرانسەکە بوون.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوتارێکیدا لە کۆنفرانسەکەدا سوپاسی سەرۆک بارزانی، کەجەکە، نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کرد.
لە پەیامی لایەنەکانی باشووردا، پشتیوانی بۆ رۆژئاوای کوردستان دووپاتکرایەوە و پەیامی سەرۆک بارزانی لە لایەن نوێنەرەکەیەوە خوێنرایەوە.
د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسەکەدا گوتاری سەرۆک بارزانی خوێندەوە، "ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە بۆ بنیاتنانی یەکڕیزیی کورد و دەستنیشانکردنی روانگەیەکی یەکگرتوو و هاوبەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد، کە بەشداربوونی راستەقینەی گەلی کورد لە وڵاتەکەتاندا مسۆگەر بکات."
پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە کۆنفرانسەکە خوێندرایەوە.
ئەمین بابە شێخ، سەرۆکی شاندی یەکێتی لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی یەکێتی خوێندەوە، "ئێمە داوا لە هەموو لایەنە سیاسی و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکەین، یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن و بە بەرنامەیەکی یەکگرتوو خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانتان بکەن."
دوای خوێندنەوەی پەیامەکان، چەند کاژێرێک دوور لە چاوی میدیا، کۆنفرانسەکە بە داخراوی بەردەوامبوو و دواتر ئەنجامەکەی راگەیێندرا؛ ئەنجامێک کە داواکاریی هاوبەشی هەموو لایەنە کوردییەکانی نێو و دەرەوەی کۆنفرانسەکە بوو.
فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە لەبارەی بڕیاری کۆنفرانسەکە گوتی، "کۆنفرانسەکە بڕیاریدا بە زووترین کات شاندێکی هاوبەشی کوردی پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بۆ واقیعێکی سیاسی خەبات بکات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، دانوستاندن بکات."
ئەم کۆنفرانسە هەوڵێک بوو بۆ لێدانی مۆری کۆتایی لەسەر یەکدەنگی کورد لە دیمەشق. ئەرکی داهاتووی لایەنە کوردییەکان، رێککەوتنە لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی شاندە هاوبەشەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ