رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداریی لێزمەباران و لافاو لە 22 پارێزگای باکووری کوردستان دەدات؛ پێشبینی دەکات کەشەکە سبەینێش لە 9 پارێزگا بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ شەممە 26ی نیسانی 2025 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینیی کەشوهەوای تورکیا و باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جگە لە رووها و دیلۆک، لە 22 پارێزگاکەی دیکەی باکووری کوردستان تەواوی رۆژ لێزمەباران دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریی لافاوی لە 11 پارێزگا داوە و دەڵێت، خێرایی باش لە هەندێک لەو پارێزگایانە لەنێوان 65 - 80 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاوی تورکیاش، ناسراو بە (ئافاد)، لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریی دا لە دروستبوونی لافاو، هەورە برووسکە و بای بەهێز، کە دەکرێت گرفت بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان دروست بکات.
ئافاد داوا لە هاونیشتمانییان دەکات زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە؛ لە هەر رووداوێکی نەخوازراویشدا داوایان لێ دەکات پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە بکەن بۆ بەهاناوەچوونیان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هەمان هۆشداری بۆ تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی دەریای رەش و بەشی باکوور و باشووری رۆژئاوای تورکیا داوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، لافاو لە هەرێمی دەریای رەش کاریگەر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ