لوقمان ئەحمێ: رەشنووسی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەكهەڵوێستیی کوردی لە 25 خاڵ پێکدێت

26-04-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
لوقمان ئەحمێ، بەرپرسی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەكهەڵوێستیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان. وێنە: رووداو
لوقمان ئەحمێ، بەرپرسی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەكهەڵوێستیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەكهەڵوێستیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، رەشنووسی کۆنفرانسەکە لە 25 خاڵ پێکدێت و ئەندامان دوای گفتوگۆ دەنگی لەسەر دەدەن، هەروەها گوتاری پارچەکانی دیکەی کوردستان دەخوێندرێنەوە.
 
لوقمان ئەحمێ، بەرپرسی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەكهەڵوێستیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، ئاشکرای کرد، نزیکەی 400 ئەندام تاوەکو درەنگانی شەوی پێش کۆنفرانسەکە تۆمار کرابوون، جگە لە میوانەکان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە لە لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەکە، "تاوەکو درەنگانی شەوی هەینی 400 ئەندام تۆمار کرابوون، بۆ هەر حیزبێکی سیاسی 3 ئەندام رێگەیان پێدراوە، دوای کردنەوەی کۆنفرانس و گوتارەکان ناوبڕێک دەدرێت و ئینجا دەست بە کارەکانی کۆنفرانس دەکرێت بە شێوەیەکی داخراو، کە بۆ میدیا نییە ئامادەبێت."
 
کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەكهەڵوێستیی کوردی دوای چەند مانگ لە ئامادەکاری و چەندین کۆبوونەوەی نێوان پارتەکانی یەکێتیی نەتەوەیی کوردی (پەیەنەکە) و پارتەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) رۆژی شەممە 26ی نیسانی 2025 لە قامشلۆ دەستی بە کارەکانی کرد.
 
بەرپرسی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەکە ئاماژەی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتان و پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد و گوتی، "بەپێی ئاگاداریی ئێمە، نوێنەرانی فەرەنسا و ئەمریکا، هەروەها نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدار دەبن."
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بەرپرسی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەكهەڵوێستیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان، رۆژی هەینی 25ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان پێشوازی لە دیالۆگی کوردی – کوردی دەکەن و چاویان لە پێشکەوتنی بەردەوامە."
 
ئەحمێ دەڵێت، ئەنجوومەنی کۆنفرانس کە لە سێ کەس پێکدێت، دادەنیشێت، ئەوانیش ئیلهام ئەحمەد، محەممەد ئیسماعیل و پەروین یوسفن و کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەبەن.
 
محەممەد ئیسماعیل وەکو نوێنەری ئەنەکەسە، پەروین یوسف وەکو نوێنەری پەیەنەکە، ئیلهام ئەحمەدیش وەکو نوێنەری مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتە، لە کۆنفرانسەکەدا حەمید دەربەندی بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی ئامادە دەبێت.
 
لەبارەی رەشنووسی کۆنفرانسەکەوە، لوقمان ئەحمێ گوتی، "ئەو رەشنووسەی کە لەنێوان پەیەنەکە و ئەنەکەسە رەزامەندیی لەسەر دراوە، لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی کۆنفرانسەکە بەسەر هەموو ئەنداماندا دابەش دەکرێت، چونکە ئەندامان تەنیا ئەندامی پارتە سیاسییەکان نین، بەڵکو ئەندامانی رێکخراوەکانی کومەڵگەی مەدەنی و کەسایەتیی سەربەخۆن، رەشنووسەکە بەگشتی دەخوێندرێتەوە و دواتر خاڵ بە خاڵ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پاشان بەگشتی دەنگی لەسەر دەدرێت."
 
بەرپرسی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی یەکڕێزی و یەكهەڵوێستیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان ئەوەشی گوت، "رەشنووسی کۆنفرانسەکە لە 25 خاڵ پێکدێت و بە زمانی کوردی و عەرەبی دەبێت، چونکە کۆنفرانسەکە کوردییە، پێویستە بە کوردی بێت، بەڵام ئەوانەی کە کێشەیان هەبێت لە دەربڕین بە کوردی، دەتوانن تێبینییەکانیان بە عەرەبی بدەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە