رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکرد. مەزڵووم عەبدی دەڵێت: ''لە پرۆسەی دیالۆگی کوردیدا زۆر هێزی کوردستانی هاوکار بوون، لە سەرووی هەمووانەوە سەرۆک بارزانی.''
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''دوای ماوەیەکی زۆر، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە. گەلی ئێمە نەوەک تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو لە پارچەکانی دیکەش لە چاوەڕوانیی ئەم رۆژەدا بوون کە رێکخستنە سیاسییەکانی ئێمە لە چوارچێوەیەکدا بگەنە رێککەوتن، بەتایبەتی لەو سەردەمەدا کە رۆژئاوای کوردستان دوای تێکۆشانێکی زۆر گەیشتووەتە ئاستێک کە پێویستە چارەنووسی خۆی دیاری بکات.''
ئیلهام ئەحمەد گوتی: ''رۆژئاوای کوردستان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە چارەنووسی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا دیاری بکات و لە دەستووردا مافی خۆی مسۆگەر بکات.''
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بە رۆڵی سەرکردەکانی باشووری کوردستان کرد لە پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان و گوتی: ''لە باشووری کوردستان بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی و لە یەکێتی کاک بافڵ، لە باکووری کوردستان و زیندانی ئیمرالییەوە بەڕێز سەرۆک ئۆجەلان، هەروەها رێکخستنەکانی دیکەی کوردستان دەم پارتی و هەموو رێکخستنەکانی دیکە پاڵپشت بوون.''
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیالۆگی کوردی-کوردی لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بووە رۆژەڤ. ئیلهام ئەحمەد گوتی: ''دەنگی گەلی خۆمان دەبیستین کە دەڵێن یەکبگرن و چارەنووس دیاری بکرێت، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ئێمەش ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەنجام.
لەبارەی رێککەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: ''گفتوگۆ و گەنگەشەی دوور و درێژ کراوە و ئەمڕۆ بەڵگەنامەی گفتوگۆکان لێرە دەخوێنرێتەوە''.
مەزڵووم عەبدی: سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین
هەر لە کۆنفرانسەکەدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتارێکی پێشکێشکرد و وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە گوتی: ''ئێوە دەزانن کە 14 ساڵە لە شەڕێکداین بۆ پاراستنی گەلەکەمان کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.''
مەزڵووم عەبدی گوتی: ''بۆ پارستنی ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا کە تێیدا 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەڤاڵانمان بریندار بوون، بۆیە ئەم کۆنفرانسە پێشکێش بە شەهیدەکانمان دەکەین".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی: ''هەڵبەت ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی کەمدا پێکنەهاتووە، بەڵکو ماوەیەکی دوور و درێژە هەوڵی دیالۆگی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، پێشتریش هەندێک رێککەوتن و دیدار دروست بوون و ئەوە لە بەردەوامیی ئەو هەڵانەیە.''
مەزڵووم عەبدی باسی لە رۆڵی هەندێک کەسایەتی و لایەن دەکات لە بەرەوپێشبرنی دیالۆگی کوردی- کوردیی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە و دەڵێت: ''لەو پرۆسەیەدا گەلێک هێزی کوردستانی هاوکاریی رۆژئاوای کوردستانیان کرد، لە سەرووی هەمووانەوە ئێمە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی بیر دەهێنینەوە و سوپاسی دەکەین''.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە سوپاسی پاڵپشتیی هاوسەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)ش دەکات بۆ پاڵپشتیی دیالۆگی کوردی و لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و گوتیشی: ''هەوڵدانی کاک نێچیرڤان و کاک بافڵیش لەبیرناکەین.''
''یەکێتیی کورد یەکێتیی سووریایە''
مەزڵووم عەبدی پەیامێکی ئاراستەی گشت پێکهاتەکانی سووریا و دەسەڵاتی دیمەشق کرد و گوتی: "ئەم کۆنفرانسە بۆ دابەشکردن نییە، بەڵکو پێچەوانەکەی بۆ یەکێتیی سووریایە. ئێمە جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پابەندین بە یەکێتیی خاکی سووریا و دەڵێین، یەکێتیی کورد، یەکێتیی سووریایە؛ بەهێزبوونی کورد، بەهێزبوونی سووریایە''.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات پێیوایە پێویستە بە شێوەی ناناوەندی سووریا بەڕێوەبچێت و دەڵێت: ''لە سووریا گەلێک نەتەوە دەژین، گەلێک کولتوور و ئایین هەن، بۆیە پێویستە سووریای نوێ بەگوێرەی دەستوور، ناناوەندی بێت و تێیدا هەموو پێکهاتەکان مافی خۆیان لە دەستووردا ببیننەوە و بتوانرێت سووریایەکی دیموکراسی و ناناوەندی پێکبهێندرێت.''
مەزڵووم عەبدی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بە نموونە هێنایەوە و گوتی: ''لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا 12 ساڵە پێکهاتەکانی عەرەب، کورد، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی و هەموو پێکهاتەکانی دیکە پێکەوە دەژین؛ خوێنی ئێمە تێکەڵ بە خوێنی یەکدی بووە؛ لە رێڤەبەریدا پێکەوەین، مێژووی هاوبەشمان هەیە، بۆیە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئێمە لە دەستپێکدا ئەوەیە کە ئەو دەستکەوتانە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بپارێزین.''
فەرماندەی گشتیی هەسەدە باس لەوە دەکات، دەمێکە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن حکومەتەکانی سووریاوە پشتگوێخراوە و گوتی: ''ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لە سووریای نوێدا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە وەک خۆی گرنگی پێبدرێت''.
مەزڵووم عەبدی رەخنەی لە دەسەڵاتی نوێی سووریا گرت و گوتی: ''دەمێکە دەوڵەتی سووریا پێکهێندراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەک گەلی کورد پشتگوێخراوین، گەلی کورد هەر لە دەرەوەی بەڕێوەبەریی سووریا ماوەتەوە.''
هەسەدە یەکێک لە سەرەکیترین هاوبەشانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانە دژ بە داعش. فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەوەشی خستەڕوو، ''لە چەند ساڵی رابردوودا گەلێک تێکۆشانی بەهێزمان بۆ یەکێتیی سووریا هەبووە؛ یەکێتی خاکی سووریامان پاراستووە و پشتڕاستمان کردووەتەوە کە لە هەر کەسێکی دیکە [زیاتر] وڵاتپەروەری سووریاین.''
جەختی لەوە کردەوە، پێویستە لە سووریای نوێدا مافی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد لە دەستووردا پارێزراو بێت، ''ئەوە یەکێک لە داواکارییەکانی سەرەکیی ئێمەیە.''
مەزڵووم عەبدی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ''ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی سیاسیی کورد بکەین. لەم کۆنفرانسەدا بڕیاری پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش دەدرێت، بڕیارەکانی ئەم کۆنفرانسە دەبرێنە شام و لەگەڵ حکومەتی شام گفتوگۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی کورد لە سووریادا مافی خۆی وەربگرێت.''
''پشتگیریی بانگەوازی ئاشتیی سەرۆک ئاپۆ دەکەین''
پرۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا لە ئارادایە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە شەڕی پەکەکەیە لەگەڵ سوپای تورکیا.
ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ لە بانگەوازێکدا بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان داوای کرد، کۆنگرە ببەستن، خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن. دوو رۆژ دواتر، پەکەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ