رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای بۆ ماوەی سێ رۆژ مانیان لە خواردن گرت دژی نەجووڵانی دۆسیەکەیان، پارێزەرێکیان دەڵێ، بڕیارە ئەمڕۆ سێ دادوەر دۆسیەکە ببینن.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە ئەمڕۆ دۆسیەی کاک لاهوور لە دادگەی تاوانەکانی سلێمانی دوو لەلایەن سێ دادوەرە ببیندرێت".
پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی گوتی: "بڕیار بوو کاژێر 12:00 نیوەڕۆ دادوەر دۆسیەکە ببینێ، بەڵام دواخراوە و دەگوترێ ئەمڕۆ دەیبینن".
چاوەڕوان دەکرێ دادوەرەکان بڕیارێک لە بارەی دۆسیەکەوە بدەن، کە پێدەچێ رەوانەکردن بێ بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر.
19ـی نیسان، لاهوور شێخ جەنگی راگەیێندراوێکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "8 مانگە دوور لە هەموو نەریتێکی دامەزراوەیی و یاسایی بە ناحەق زیندانی کراوین".
لاهوور شێخ جەنگی لە زیندانەوە رایگەیاند: "بۆ ئەوەی دادگە رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێ، تاوەکو ئێستا چاوەڕێمان کردووە، بەڵام دیارە گوشاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگە و دامەزراوەکان رێگرە لەوەی دۆسییەی سیناریۆکانی خۆیشیان بچێتە دادگەی تەمیز، بۆیە لەگەڵ کاک پۆڵاد [شێخ جەنگی لە زیندان] پێکەوە بڕیارمان داوە لەمڕۆوە مان لە خواردن بگرین تاوەکو ئەو کاتەی سەروەری یاسا لە دۆسییەکەمان بەدی دەکەین".
دوای سێ رۆژ لاهوور شێخ جەنگی و براکەی، بە وەرگرتنی بەڵێنی کارکردن لە دۆسیەکەیان مانگرتنیان شكاند.
زۆرینەی دەستگیکراوانی لالەزار ئازاد کراون، دوایین گووپێکی 10 کەسی بوو لە چوارشەممە 10ـی نیسان ئازاد کران.
قادر ئاغا مەنتک گوتی: "ئێستا جگە لە کاک لاهوور، 18 دەستگیرکراوی دیکەی لالەزار لە زینداندا ماونەتەوە".
رووداوەکەی لالەزار
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ گەمارۆی هۆتێل لالەزاری سلێمانییان دا، کە جێگەی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێکی بەرپرسانی حیزبەکەی و پاسەوانەکانی بوون.
دوای رازینەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ