بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشداریی کۆبوونەوەی لایەنەکان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

26-05-2022
محەممەد عوسمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشداریی کۆبوونەوەی لایەنەکان لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە بڕیارە ئەمڕۆ لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر ئەنجامبدرێت.
 
یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێنین پلاسخارت فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی دەستلەکارکێشاوەی بزووتنەوەی گۆڕان وەک نوێنەری بزووتنەوەکە، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و سەڵاحەدین بابەکر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەشداری دەکەن.
 
رووداو لەنێو یەکێتیشەوە پشتڕاستیکردەوە کە بافڵ تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات. بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە بە داخراوی هێڵدراوەتەوە، تاوەکو بڕیار و ئەنجامی کۆتایی لە هەرێمی کوردستان و لەنێو لایەنەکانەوە بگەیێندرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بڕیارە سبەی، 27ی ئایاری 2022، بۆ بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی ئەرکی یونامی لە عێراق کۆببێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 17-5-2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لەبارەی عێراق ئەنجامدا و جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەشێکی زۆری گوتارەکەی تەرخانکردبوو بە هەرێمی کوردستان. لە بەشێکیدا رایگەیاند، "پێویستە دابەشبوونی ناوچەی سەوز و زەرد [لە هەرێمی کوردستان] کۆتاییبێت."
 
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی لە نەبوونی یەکڕیزیی لایەنەکان لە هەرێمی کوردستانیش کرد و گوتی "نەبوونی یەک دەنگی لە هەرێمی کوردستان زیانی هەبووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە