رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا رایدەگەیێنێت: یەکێک لە بەرهەم و دەستکەوتەکانی شۆڕشەکە دروستبوونی ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکڕیزی بوو، دەشڵێت: "بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی دەکەینەوە."
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە پەیامەکەیدا کە رۆژی هەینی، 26-5-2023 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: شۆڕشی گوڵان کە هەڵگر و درێژەپێدەری پەیام و ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، ئەگەرچی له رۆژگارێكی سهخت و دژواردا ههڵگیرسا، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا، بووە جێی هیوا و ئومێدی کوردستانیان و سەرکەوتنی سیاسی و سەربازی و دەیان داستانی قارەمانانەی لە خۆڕاگری و بەرگری تۆمار كرد و پەیامی درێژەپێدانی خەباتی گەلی کوردستانی لەپێناو بەرگریکردن لە بوون و ناسنامە و مافە رەواکانی، بە هەموو جیهان گەیاند.
جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژە بەوە دەکات: یەکێک لە بەرهەم و دەسکەوتە گرنگەکانی شۆڕشی گوڵان، "دروستبوونی ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو کە سەرەنجام بووە هۆی سەرکەوتنی سەرهەڵدانی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە ئاداری 1991 و پێکهێنانی دامودەزگا شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکیان لێ بکەین و بیان پارێزین."
مەسرور بارزانی دەشڵێت: لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، رێز و پێزانینم بۆ خەبات و تێکۆشانی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی شۆڕشەکە هەیە و بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی دەکەینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ