رووداو دیجیتاڵ
بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان کە ئەمساڵ گلدانەوەی ئاو تێیدا دەستیپێکرد، 124 هەزار پەنجەماسیی تێکرا. قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، ئامانجی هەڵمەتەکە بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا بۆ راوە ماسیی سوودی لێ ببینرێت.
رۆژی هەینی، 26ـی ئایاری 2023، سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ 124 هەزار پەنجەماسییان خستووەتە بەنداوی دێوانەوە، کە بەنداوەکە نوێیە و ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ئاوی تێدا گڵدراوەتەوە.
قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەکرد، هاونیشتمانییەک لەسەر ئەرکی خۆی پەنجەماسییەکانی بردووە و بە گرنگی ناوبرد، چونکە بژێویی کۆمەڵێک خێزانی زۆر لە سنوورەکە لەسەر سامانی ماسییە.
قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەکرد، لە داهاتوودا بۆ راوەماسی سوود لە بەنداوەکە وەردەگیرێت، بەڵام بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان هەر بەنداوێکی نوێ دروست دەکرێت، نابێ بۆ ماوەی دوو ساڵ راوەماسی تێدا بکرێت.
ئێستا کە وەرزی گەرادانانی ماسییە، لە 5ـی ئاداری 2023ـەوە لە هەرێمی کوردستان راوەماسی قەدەخەکراوە تاوەکو 15ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان بەرزییەکەی 42 مەترە و پانییەکەی 260 مەترە؛ توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. جگە لە باران؛ سەرچاوەی سەرەکیی بەنداوەکە کانیاو و چەمە وەرزییەکانی سنووری قەرەداخە.
لە هەرێمی کوردستان جگە لە سەرچاوە سرووشتییەکانی بەدەستهێنانی ماسی، لە رێگەی زیاتر لە 800 پڕۆژەی بەخێوکردنەوە ساڵانە زیاتر لە شەش هەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام پێداویستیی هەرێمی کوردستان بۆ ماسی ساڵانە 12 هەزار تۆنە و ئەوەی دەمێنێتەوە بە هاوردە پڕدەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ