فەرەنسا لیژنەی بازرگانیی دەرەکی لە عێراق دادەمەزرێنێت و جەخت لەسەر ژێرخان و وزە دەکاتەوە

26-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
سۆفی سیدۆس ڤیکا، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ راوێژکاریی بازرگانیی دەرەکی قسە بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو دەکات.
سۆفی سیدۆس ڤیکا، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ راوێژکاریی بازرگانیی دەرەکی قسە بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی فەرەنسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکی بازرگانیی فەرەنسی لە عێراق پێکدێنن بۆ ئەوەی کارئاسانی و پشتیوانی بۆ کۆمپانیا فەرەنسییەکان دابین بکەن کە دەیانەوێت لەوێ کاربکەن. دەشڵێت، چوونی کۆمپانیا فەرەنسییەکان هەلی کار و بازرگانی بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆڕبەندی بازرگانیی فەرەنسا و عێراق لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو، کە تێیدا سەرنجی زیاتر خرایە سەر وەبەرهێنان، بازرگانی و رۆڵی فەرەنسا لە عێراق. شاندی باڵای وەزارەتەکانی هەردوو وڵات و شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن.
 
سۆفی سیدۆس ڤیکا، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ راوێژکاریی بازرگانیی دەرەکی بە ئاڵا شاڵی، پەیامنیری رووداوی راگەیاند، پلان هەیە لیژنەیەکی نوێی بازرگانیی فەرەنسی لە عێراق دابمەزرێنن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
 
سیدۆس گوتی، لیژنەکەیان نوێنەرایەتیی پێنج هەزار بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی فەرەنسا دەکات کە لە سەرانسەری جیهان کاردەکەن،" بەڵام گوتیشی: "ئێستا هیچ کەسمان لە عێراق نییە [وەک نوێنەری لیژنە]، بەڵام ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی دیکە هەن کە لە عێراق دەستیان بە هەندێ کار کردووە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئەو کارکردنە چۆن سوود بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت، سیدۆس رایگەیاند: "شتە باشەکە ئەوەیە، کاتێک کۆمپانیایەکی فەرەنسی دەچێتە وڵاتێکی دیکە، خەڵک لەگەڵ خۆی نابات، تەنیا ستافی کارگێڕی دەبات و خەڵکی ئەو وڵاتە دادەمەزرێنێت، واتە پێویستی زۆریان بە خەڵکی عێراق دەبێت و هەندێ كوردی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکەدا کاردەکەن. واتە ئەوان هەلی کار و بازرگانی دەڕەخسێنن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی ئاڵا شاڵی و سۆفی سیدۆس ڤیکا
 
پرسیار: پەیوەندییە بازرگانییەکانتان لەگەڵ عێراق چۆنن و دەتانەوێ بیگەیێنە کوێ؟
 
سۆفی سیدۆس ڤیکا، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ راوێژکاریی بازرگانیی دەرەکی: بەڵێ، ئەوە پرسیارێکی باشە. ناوم سۆفی سیدۆسە، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی فەرەنسام بۆ راوێژکاریی بازرگانیی دەرەکی کە نوێنەرایەتیی پێنج هەزار بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی فەرەنسا دەکات کە لە سەرانسەری جیهان، واتە لە 152 وڵات کاردەکەن. ئێمە ئێستا هیچ کەسمان لە عێراق نییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی دیکە هەن کە لە عێراق دەستیان بە هەندێ کار کردووە؛ دەمانەوێت روونی بکەینەوە کە کێ بازرگانی دەکات و دێتە نێو دامەزراوەکەمانەوە، دواتر ئەوان لەگەڵ باڵیۆز، وەزیری ئێمەی بازرگانیی دەرەکی و وەزیرەکەتان کاردەکەن. ئەمڕۆ داوایان لێدەکەم حەوت کۆمپانیای فەرەنسی دیاریبکەین بۆ ئەوەی لیژنەیەکیان لێ دروست بکەین تاوەکو بتوانم رایبگەیێنم کە لیژنەیەکی فەرەنسیمان لە عێراق دەبێت. دوای ئەوەی ئەو لیژنەیەمان دروستکرد، ئەوان هەموو مانگێک لەگەڵ باڵیۆز کۆدەبنەوە و باڵیۆز پێیان دەڵێت ئێمە دەتوانین لەنێو عێراق چی بکەین. ئێمە دەتوانین کاری جیاجیا بکەین، بۆ نموونە، ئێمە لە فەرەنسا تۆتاڵ، سوێز و هەموو کۆمپانیایەکی وزە، گاز و نەوتمان هەیە؛ هەروەها کۆمپانیای تایبەمەندمان هەیە لەبواری نەهێشتنی کاربۆن لە کەرتی وزە و کەرتە جیاجیاکانی دیکەدا. ئێمە پێنج هەزار بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هەموو گەورە کۆمپانیاکانی فەرەنسامان هەیە. ئەوەی ئێستا دەمانەوێت بیکەین ئەوەیە، بچینە عێراق و لە عێراق کاربکەین، چونکە خەڵک نازانێت ئێستا عێراق چۆنە. ئەمڕۆ زۆر دڵخۆش بووین کە وەزیرەکەتان زۆر بەباشی باسی وڵاتەکەتانی کرد و بەڵێنی دا کە کۆمپانیاکانی فەرەنسا رووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبنەوە و یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانمان گەشە بکەن. زۆر کۆمپانیای فەرەنسی کە قسەیان لەگەڵ کردووم، پێیانگوتووم دەیانەوێت بێنە نێو لیژنەکەمان، چونکە ئێوە پشت بە وەزیر دەبەستن و ئێمەش دەمانەوێت لەگەڵ ئێوە بین.
 
پرسیار: کەواتە ئەو لیژنەیە دەبێتە کارئاسانیکەر بۆ فراوانکردنی بازرگانی نێوان عێراق و فەرەنسا؟ فەرەنسا لە چ بوارێکدا دەیەوێ زۆرترین وەبەرهێنان لە عێراق بکات؟ 
 
سۆفی سیدۆس ڤیکا، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ راوێژکاریی بازرگانیی دەرەکی: بەڵێ، ئەوە بەندە لەسەر ئەوەی کە عێراق پێویستی بە چییە. ئەمڕۆ عێراق پێویستی زۆری بە ژێرخانە؛ ئێوە زۆر پێویستتان بە ناکاربۆنکردنە، زۆر پێویستتان بە ژێرخانی ئاوە، چونکە گرنگترین شت ئەوەیە ئاوی پاک و باش هەبێت. زۆر کۆمپانیای وەک ڤوێلیا و سوێز هەن کە دەیانەوێت بچنە شوێنەکانی سەرانسەری جیهان و کار بکەن. پێم وایە شتێکی باش دەبێت ئەگەر باڵیۆزێکی فەرەنسی هەبێت، بۆ ئەوەی بڵێت، بەڵی کۆمپانیامان هەیە و دێن کار دەکەن و ئێستا لیژنەی تایبەتمەندمان دروست کردووە. ئێمە وەک لیژنە، بێ بەرامبەر کار دەکەین، هەرچەندە راستە کە کۆمپانیاکان بۆ خۆیان کاردەکەن، بەڵام ئەوەی ئێمە لە لیژنەکەدا دەیکەین، کارێکی بێبەرامبەرە، تەنیا بۆ ئەوەیە تاوەکو بە باڵیۆز بڵێین کە ئێمە دەتوانین چی بکەین، هەروەها بۆ ئەوەیە کە هەموومان پێکەوە بین و پیشانی کۆمپانیاکانی فەرەنسا بدەین کە عێراق وڵاتێکی سەلامەتە. ئەگەر ئێوە پێویستتان بە ژێرخان بێت، ئێمە کۆمپانیای تایبەت بە ژێرخانمان هەیە و بە گوێرەی داواکاریتان هەموو شتێک دابین دەکەن.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان تاوەکو چەند سوودمەند دەبێ لەو پڕۆژانەی دەتانەوێ جێبەجێیان بکەن؟ 
 
سۆفی سیدۆس ڤیکا، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ راوێژکاریی بازرگانیی دەرەکی: شتە باشەکە ئەوەیە، کاتێک کۆمپانیایەکی فەرەنسی دەچێتە وڵاتێکی دیکە، خەڵک لەگەڵ خۆی نابات، تەنیا ستافی کارگێڕی دەبات و خەڵکی ئەو وڵاتە دادەمەزرێنێت، واتە پێویستی زۆریان بە خەڵکی عێراق دەبێت و هەندێ كوردی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکەدا کاردەکەن. واتە ئەوان هەلی کار و بازرگانی دەڕەخسێنن. گرنگترین ئەرکی لیژنەکەمان ئەوەیە کە شتێک بکەین بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی عێراقیش بێنە فەرەنسا و کۆمپانیا فەرەنسییەکانیش بچنە عێراق."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا