سەندیکای رۆژنامەنووسان - زاخۆ: پەیج و راگەیاندنی بێ مۆڵەت بوونەتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی

26-05-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، رێگە بە هیچ راگەیاندن و پەیجێک نادەن بێ هەبوونی مۆڵەت، کاری رۆژنامەنووسی بکات. نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "هەموو ئەوانەی کاری رۆژنامەنووسی دەکەن، دەبێت لە سەندیکا خۆیان تۆمار بکەن."
 
رۆژی دووشەممە 26ی ئایاری 2025 محەممەد سدیق، بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەسانێکی زۆر کاری رۆژنامەنووسی دەکەن، "بەبێ ئەوەی زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی رۆژنامەڤانی هەبێت؛ ئەوان تەنانەت مۆڵەتیشیان نییە."
 
محەممەد سدیق گوتی، "پەیج و راگەیاندنە بێ مۆڵەتەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و تێکدانی کاری رۆژنامەنووسی، بۆیە کۆبووینەوە و بڕیارمان دا کە ئیدی رێگە بە هیچ پەیج و راگەیاندنێک نەدرێت کاری رۆژنامەنووسی بکات، ئەگەر خۆی لە سەندیکای رۆژنامەنووسان تۆمار نەکردبێت."
 
بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، هەر کەس پێچەوانەی بڕیارەکە هەنگاو بنێت، دەدرێتە دادگە.
 
هاوکات حاکم ئازاد حەمە ئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە رووداوی گوت، "بەپێی یاسای رۆژنامەگەری، پێویستە هەموو رۆژنامەنووسان خۆیان لە سەندیکای رۆژنامەنووسان تۆمار بکەن؛ ناکرێت هەر کەسێک ویستی کاری رۆژنامەنووسی بکات و مۆڵەتی نەبێت، دەبێ مۆڵەتی هەبێت."
 
لەبارەی بڕیارەکەی نووسینگەی زاخۆی سەندیکای رۆژنامەنووسان، ئازاد حەمەد ئەمین دەڵێت، جێگەی دەستخۆشییە.
 
هاوکات نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "سەندیکای رۆژنامەنووسانی پارێزگا و ئیدارەکان دەتوانن بڕیار بدەن، وەکو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ قەدەخەکردنی ئەو میدیا و پەیجانەی خۆیان تۆمار نەکردووە."
 
هەشت هەزار ئەندام لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ناویان تۆمار کردووە و دابەشی سێ بەش کراون؛ مەشقکار، بەشدار و کارا.
 
بەگوێرەی وەزارەتی رۆشنبیری، 170 کەناڵی تەلەڤزیۆنی لە هەرێمی کوردستان هەن و دابەشی سێ جۆر بوون، لەنێویاندا 35 کەناڵی ئاسمانی و نزیکەی 125 کەناڵی نێوخۆیی بۆ شار یان پارێزگایەک یان سەرتاسەری بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان.
 
زیاتر لە 1,600 دەزگای راگەیاندنیش لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمارکراون؛ زیاتر لە هەزاریان رۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.