کوردستان
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، قەدەخەکردنەکە تاوەکو ئەوکاتەیە کە بەرهەمی نێوخۆیی تەواو دەبێت.
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، هاوردەکردنی پێنج بەرهەمی کشتوکاڵییان قەدەخەکردووە و هاوردەی تەماتەش مانگێک قەدەخە دەکرێت. دەشڵێت، ئامانج لەو بڕیارە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی نێوخۆییە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەهدی قەیسی، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری، وەکو پاڵپشتییەک بۆ بەرهەمی نێوخۆیی، بڕیاریداوە بە قەدەخەکردنی هاوردەی شووتی، کاڵەک، باینجان و کولەکە، تاوەکو بەرهەمی نێوخۆیی تەواو دەبێت. بەرهەمە نێوخۆییەکانمان دەتوانن بەشێکی زۆری پێویستیی نێوخۆی وڵات پڕبکەنەوە."
مەهدی قەیسی گوتیشی، "جگە لەو بەرهەمانەی دیکە، هاوردەکردنی تەماتە بۆ ماوەی مانگێک قەدەخە دەکرێت، بەڵام گواستنەوەی بەرهەمەکان لە نێوان پارێزگاکان بە شێوەیەکی کاتی رێگەپێدراوە."
بە گوتەی مەهدی قەیسی،"بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و ئەوەش بە هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا، ئامانجیش لێی پاڵپشتی کردنی جووتیار و باخەوانانە لە هەموو عێراقدا."
سەبارەت بەو گلەییانەی کە باس لە گرانی نرخی بەرهەمە نێوخۆییەکان دەکەن، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو گلەییانە لە جێگەی خۆیاندان، بەڵام ناکرێت گلەیی لە جووتیار و باخەوانان بکرێت، چونکە ئەوان کرێی کارەبا دەدەن و پارەیەکی زۆریش لە ئاودێری، پەیین و کیمیایی خەرج دەکەن، بۆیە ناچارن نرخێک دابنێن کە قەرەبووی خەرجییەکانیان بکاتەوە. بەڵام ئێمە رێگەنادەین قۆرخکاری لە نرخدا دروست ببێت."
لەبەر بەرژەوەندیی جووتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، لە 26-1-2025ـەوە هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە کرابوو. دواتر لە 7-4-2025، بەهۆی گرانبوونی نرخی و کەمبوونی لە بازاڕدا قەدەخەی هاوردەکردنەکە تاوەکو ئەمڕۆ هەڵگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ