80 ساڵە چەمچەماڵ کەمئاوە؛ هاونیشتمانییەک: هاوین نەهاتووە سێجار ئاوم کڕیوە

27-05-2025
نزار جەزا
هاونیشتمانییان لە چەمچەماڵ لە کێشەی بەردەوامی کەمئاوی نیگەرانن
هاونیشتمانییان لە چەمچەماڵ لە کێشەی بەردەوامی کەمئاوی نیگەرانن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، جارێکی دیکە قەیرانی کەمئاوی لە قەزای چەمچەماڵ سەریهەڵداوەتەوە و دانیشتووانی ناچارکردووە پەنا بۆ کڕینی ئاو بە تەنکەر ببەن یان چەندین کاژێر لە نۆرەدا بوەستن. 
 
هەندێک گەڕەک لە مانگێکدا دوو جار ئاویان پێدەگات، تاکە چارەسەری کێشە هەشتا ساڵییەکە، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵە کە بڕیارە لە یەکی حوزەیرانەوە کارکردن تێیدا دەستپێبکاتەوە.
 
دۆخی سەختی ژیان بەهۆی بێ ئاوییەوە وایکردووە هاووڵاتییان وەک دیار بەکر، سێ کاژێر نۆرەبگرن بۆ پڕکردنی تەنیا پێنج بەرمیل ئاو. دیار دەڵێت: "نازانین دە رۆژ، 15 رۆژ یان 20 رۆژ جارێک ئاو دێتەوە، بۆیە دەبێت وەک دەرمان ئاو بەکاربێنین." 
 
هاونیشتمانییەکی دیکە 11 رۆژە ئاوی پێنەگەیشتووە و ناچار بووە پەنا بۆ ماڵی باوکی ببات کە تەنکەرێکیان بە 15 هەزار دینار کڕیوە. ئەو رووی داواکاری دەکاتە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "دۆخی چەمچەماڵ زۆر خراپە، بۆمان چاکبکەن."
 
خاوەن تەنکەرەکانیش باس لە زۆریی خواست لەسەر ئاو دەکەن. نەخات خورشید، خاوەن تەنکەر، دەڵێت: "چەمچەماڵ زۆر غەدرلێکراوە،" و داوا دەکات هەموو لایەک هەوڵی چارەسەر بدەن. ئیسماعیل سەنگاوی، شۆفێرێکی پاس، هەر کە تیمی رووداوی بینی، گوتی: "بێ ئاوی پەرێشانی کردووین، هێشتا هاوین نەهاتووە سێجار ئاوم کڕیوە."
 
چارەسەری بنەڕەتی، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵە کە کەمتر لە 7%ـی تەواوبووە و بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجەوە کارەکانی بۆ ماوەیەک وەستابوون. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پێنج ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری کۆمپانیای جێبەجێکار و لە یەکی حوزەیرانەوە دەستبەکار دەکەنەوە.
 
حەیدەر محەممەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئەندازیاریی نیشتەجێی پڕۆژەکە، بە رووداوی راگەیاند: "114 ملیار دینار تێچووی پڕۆژەکەیە و مانگانە پێویستی بە لایەنی کەم 5 ملیار دینار هەیە. هەر دواکەوتنێک لە پێدانی پارە، کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە دوادەخات کە ناوەڕاستی ساڵی داهاتووە."
 
نزیکەی 80 ساڵە چەمچەماڵ چاوەڕوانی چارەسەری کێشەی ئاوە و تەنیا لە هەشت ساڵی رابردوودا قائیمقامی قەزاکە نزیکەی 100 نووسراوی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە. ئێستا تاکە ئومێدی دانیشتووان پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا بودجەی پێویستی بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ تەرخاندەکرێت تاوەکو لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو ببێت، یان چارەنووسی وەک مانگەکانی رابردوو دەبێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.